سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەڵێنیداوە ئەگەر جارێکی دیکە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە ئەوا دەسەڵاتێک دەدات بە خۆی بۆ کەمکردنەوەی هێزی کاری فیدڕاڵی، ئەوەش سەندیکا و دیموکراتەکان و گروپە چاودێرییەکانی ناچار کرد ئامادەکاری بکەن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و هەوڵدان بۆ توندکردنەوەی پارێزگارییەکانی دامەزراندن بۆ ڕێگریکردن لەوەی ترامپ بیروکراسییەکە لە بەرژەوەندی خۆی نەچەمێنێتەوە.
ترامپ کە کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکا، بەڵێنیداوە جارێکی دیکە فەرمانێک زیندوو بکاتەوە کە بە خشتەی F ناسراوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر لە مانگی یانزەی ساڵی 2024 دا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە.
فەرمانەکە دەسەڵاتێک دەدات بە ترامپ کە تێیدا دەتوانێت پارێزگاریی دامەزراندن لە دەیان هەزاران کارمەندی مەدەنی حکومی بسەنێتەوە، ئەگەری هەیە دەرییان بکات و ئەو کەسانە بخاتە شوێنییان کە ئامادەن سیاسەتە ڕاستڕەوەکانی و ئەجێندا " تۆڵەسەندنەوەکەی " جێبەجێ بکەن، دژی ئەو کەسانەی کە ترامپ هەست دەکات هەڵەیان بەرامبەر کردووە.
ئەوانەی کە دژایەتی پلانەکە دەکەن دەڵێن لێسەندنەوەی پارێزگارییەکانی دامەزراندن لە کارمەندانی مەدەنی هەنگاوێک دەبێت بەرەو تاکڕەویی و هەوڵێکە لەلایەن ترامپەوە بۆ بە سیاسەتکردنی بیروکراسی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
لە چاوپێککەوتنەکاندا لەگە سەندیکاکانی کارمەندانی حکومەت و دوو سیناتۆری ئەمەریکا و گروپەکانی لایەنگری دیموکراسیدا دەرکەوت کە ئامادەکارییە یاسایی و ستراتیژییەکان لە پشت پەردەکانەوە پێشتر دەستییان پێکردووە.
ئەوان لە سەرەتادا ئومێدییان بەستووەتەوە بە یاسایەکی پێشنیارکراوەوە بۆ گۆڕینی یاساکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی دووبارە ناساندنەوەی خشتەی F بۆ ترامپ قورس بێت.
یاسا نوێیەکە کە دەکرێت تاوەکو بەهاری ساڵی 2024 لەلایەن ئۆفیسی بایدنەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی کارمەندان جێبەجێ بکرێت، ڕێگە بەو کارمەندە فیدڕاڵییانە دەدات کە پۆڵێنکردنی کارەکانییان گۆڕاوە بتوانن پارێزگاری دامەزراندنی ئێستایان بپارێزن.
سیناتۆری دیموکرات تیم کەین دەڵێت " گرنگ نیە سەرۆک دیموکرات بێت یاخود کۆماری، دراوی کایەی خزمەتگوزاری مەدەنی فیدڕاڵ دەبێت توانستی بێت نەک دڵسۆزی بۆ سەرۆک."
هەر هەوڵێک لەلایەن ترامپەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانە ڕووبەڕووی پڕۆسەیەکی چەند مانگی دەبێتەوە. بەڵام کەین و پشتیوانیکارانی دیکە لە گۆڕی یاساکە پێیان وایە گۆڕینی یاساکە تەنها دواخستنێک دەبێت وەک لەوەی ڕێگری لە هەوڵەکانی ترامپ بکات بۆ لێسەندنەوەی پارێزگاریی دامەزراندن لە کارمەندانی حکومەت.
بە شێوەیەکی ئاسایی سەرۆکەکان مافی ئەوەیان هەیە چەند هەزار کەسێک لە کەسانی سیاسی خۆیان بۆ بیرۆکراسی فیدراڵی هەڵبژێرن، بەڵام خزمەتگوزاری مەدەنی پیشەیی کە نزیکەی دوو ملیۆن کرێکار دەگرێتەوە، بە تەنیا دەمێنێتەوە. خشتەی F ئەو دەسەڵاتە دەدات بە ترامپ بتوانێت 50,000 هەزار لەو کرێکارانە لە کارەکانیان دووربخاتەوە و لە شوێنی ئەوان هاوبیرانی خۆی و پارێزگاران دابنێت، ئەگەر وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پلانی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان لەلایەن سەندیکا و دیموکراتەکانەوە ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت