Accessibility links

غەرامەکردنی ترامپ بە بڕی 350 ملیۆن دۆلار؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی 3 ساڵ کارکردنی لە نیویۆرک قەدەغە دەکرێت


دادوەرێکی نیویۆرک ڕۆژی هەینی فەرمانێکی دەرکرد و وتی دانۆڵد ترامپ دەبێت وەکو سزایەک 354 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار بدات لەسەر ئەوەی سەروەت و سامانی خۆی لەسەر کاغەز زۆر زیاتر نوسیوە لەوەی کە لە ڕاستیدا هەیەتی تاوەکو بتوانێت لەو ڕێگەیەوە قەرزێکی زۆرتر لە بانکەکان وەربگرێت.

دادوەر ئارتۆر ئینگۆرۆن هەروەها ترامپی وەک بەڕێوەبەری هەر کۆمپانیایەکی نیویۆرک بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە کرد و ڕایگەیاند کە ئەم غەرامە بەسەر ترەمپدا سەپێندراوە بەهۆی تاوانی "فێڵکردن لە بانکەکان".

ئینگۆرۆن فەرمانەکەی مانگی نۆی هەڵوەشاندەوە کە تێیدا فەرمانی کردبوو ئەو کۆمپانیایانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە کۆنتڕۆڵی پایەکانی کاری خانووبەرەی ترامپ دەکەن، ڕۆژی هەینی وتی ئەوە چیتر پێویست نیە چونکە چاودێرێکی سەربەخۆ و بەڕێوبەرێکی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی ترامپ بە سزاکانەوە دەستنیشان دەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانی ترامپ.

سکاڵاکە لەلایەن دادوەری گشتی نیویۆرک لێتیشیا جەیمسەوە هێندرایە پێشەوە کە ترامپ و خێزانەکەی تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ئەوەی کە ماوەی 10 ساڵە ساڵانە 3.6 ملیار دۆلارییان زیاتر نوسیوە لە سەروەتە ڕاستەقینەکەی خۆیان، ئەوەش لە پێناو هەڵخەڵەتاندنی بانکەکان تاوەکو مەرجی باشترییان بدەنێ لە کاتێکدا کە قەرزی پێدەدەن.

پارێزەرەکەی ترامپ، ئالینا هابا لە بەیاننامەیەکدا وتی فەرمانەکە " دادپەروەرانە نیە " و " لوتکەی دۆسییەکی ساختەیە دژی ترامپ کە پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوە بووە."

وتی " ئەمە تەنها سەبارەت بە دانۆڵد ترامپ نیە، ئەگەر ئەم بڕیارە سەربگرێت، ئاماژەیەک دەبێت بۆ سەرجەم ئەمەریکاییەکان لەسەر ئەوەی نیویۆرک چیتر کراوە نیە بە ڕووی کاردا." وتیشی پلانی هەیە تانە بدات لە فەرمانەکە.

ترامپ و کوڕەکانی، دۆن جونیەر و ئێریک، لەو دۆسییەیەدا تۆمەتبار کران. دۆن جونیەر و ئێریک ترامپ هەریەکێکییان فەرمانییان پێکراوە 4 ملیۆن دۆلار بدەن.

ترامپ ڕەتی کردووەتەوە کاری هەڵەی کردبێت و دەڵێت دۆسییەکە تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسییە لەلایەن جەیمسی دیموکراتەوە.

دۆسییەی ساختەکاری سڤیل ڕەنگە زیانێکی گەورە بە کاری خانووبەرەی ترامپ بگەیەنێت، لە کاتێکدا کە ترامپ ئێستا لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندایە تاوەکو ببێتە بەربژێری پارتەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.

مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوو ترامپ لە میانەی شایەتیدانێکیدا لە دادگا دانی بەوەدانا کە هەندێک لە بەهای موڵکەکانی ڕاست نەبوون، بەڵام وتی بانکەکان ناچارکرابوون هەوڵ و کۆششی خۆیان بدەن.

ئینگۆرۆن ڕەخنەی لە ترامپ گرت لەسەر هەڵسوکەوتەکانی لە ماوەی شایەتیدانەکەیدا و وتی شایەتییدانەکەی زیان بە پرسەکەی دەگەیەنێت.

دادوەرەکە وتی " دانۆڵد ترامپ بە دەگمەن وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەدایەوە کە لێی دەکرا، زۆرجاریش وتاری ناپەیوەست و دوورودرێژی دەوتەوە کە زۆر دووربوون لە بابەتەکانی دادگاییکردنەکەیەوە. ڕەتکردنەوەی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بە ڕاستەوخۆیی، بە توندی ڕاستیی قسەکانی خستە ژێر پرسیارەوە."

لە ئێستادا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕووبەڕووی چوار تۆمەتی تاوانکاری بووەتەوە، یەکێکییان لە نیویۆرکە و پەیوەستە بە پارەدانەوە بە ئەکتەرێک تاوەکو بێدەنگی بکات، پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016. دادوەرەکانی ئەو دۆسییەیە ڕۆژی پێنجشەممە 25 ی مانگی سێیان دانا بۆ کاتی دادگاییکردنەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پارێزەرەکانی ترامپ لەسەر ئەو کاتە ڕازی نەبوون و هەوڵیاندا کاتی دادگاییکردنەکە دوابخەن، ئەوەش بەهۆی قەرەباڵغی خشتە یاسایی و سیاسییەکەی ترامپەوە.

ترامپ لە فلۆریداش ڕووبەڕووی تۆمەتێک بووەتەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکاندا دوای ئەوەی کۆشکی سپی جێهێشتووە، هەروەها لە جۆرجیاش ڕووبەڕووی تۆمەت بووەتەوە لەسەر " هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG