Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە توندی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی شاری چارلۆتسڤیل شەرمەزاردەکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت وەزارەتی دادی ئەمەریکا لێکۆڵینەوەیەکی دەسـتپـێکردووە لە بارەی ئەو هێرشە خوێناویەی ڕۆژی شەممە لە شاری چارلۆتسڤیلی ویلایەتی ڤێرجینیا کرایە سەر گروپێـکی خۆپـیشاندەران و بووە مایەی گیان لەدەستدانی کەسێـک و برینداربوونی 20 کەسی دیکە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێـکی کورتدا لە کۆشـکی سپی گوتی دەمەوێت ئەمەریکایـیەکان ئاگاداربکەمەوە لە دوایـین کاردانەوەی حکومەتی فیدراڵی لە بەرامبەر هێرشە توندوتیژە تۆقێنەرەکەی ڕۆژی شەممە هەموو کەسێـک بینی.

گوتی ئەمڕۆ لەگەڵ کرستۆفەر ڕەی بەڕێوەبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و جێف سێشنز وەزیری داد کۆبووەتەوە و وەزارەتی داد لێکۆڵینەوەیەکی مافە سیڤیلیـیەکانی لە بارەی هێرشەکە دەسـتپـێکردووە. جەختی لەوەش کرد هەر کەسێـک لە میانەی توندوتیژیـیەکانی ڕۆژی شەممە تاوانی ئەنجام دابێت، ئەوا بە تەواوی بەرپـرسیار دەکرێت.

دووپاتی کردەوە کە بە توندترین شێوە ئەو ڕق و کینە و دەمارگیری و توندوتیژیانە شەرمەزاردەکات. گوتیشی وەکو پـێشتر چەندان جار ڕایگەیاندووە، گرنگ نییە ڕەنگی پـێستیان چی بێت، هەموویان لە ژێر سایەی هەمان یاسادا دەژین و سڵاو بۆ هەمان ئاڵای مەزن دەکەن و هەموویان خوداوەند دروستیکردوون.

پاشان گوتی " بۆیە دەبێت یەکتریمان خۆشبوێت و سۆز و بەزەیی بۆ یەکتر پـیشان بدەین و یەکگرتووبین بۆ سەرزەنشتکردنی ڕق و کینە و دەمارگیری و توندوتیژی. "

گوتیشی ڕەگەزپەرستی شەڕەنگێزیـیە و ئەوانەی بەو ناوەوە دەبنە مایەی توندوتیژی کەسانی خراپکارن، لەوانە گروپەکانی کو کلوکس کلان و نازیـیە نوێیەکان و وایت سەپـرەمەسیستەکان و هەر گروپێـکی دیکەی ڕق و کینەی هەبێت بەرامبەر هەر شتێـک ئەمەریکایـیەکان شانازی پێوە بکەن.

پاشان گوتی" ئێمە نیشتیمانێـکمان هەیە کە لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیە دامەزراوە، هەموومان بە یەکسانی دروستبووین و خوداوەند بە یەک چاو لێمان دەڕوانێت و هەروەها هەموومان لە بەردەم یاسا و دەستور یەکسانین."

XS
SM
MD
LG