Accessibility links

سەرۆک ترامپ دادوەرێکی کۆنەپارێز بۆ دادگای باڵا دەستنیشان دەکات


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دادوەرێکی کۆنەپارێزی دەستنیشانکرد بۆ پـڕکردنەوەی شوێنی دادوەر ئێنثنی کەنەدی، ئەوەی مانگی ڕابردوو خانەنشینی خۆی لە دادگای باڵای وڵاتەکە ڕاگەیاند.

شەوی دووشەممە لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە یاسادانەران و کاربەدەستانی ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند دادوەر برێت کاڤەنۆی دەستنیشان کردووە بۆ ئەندامێتی دادگای باڵا.

گوتشی برێت کاڤەنۆ دادوەرێکی لێهاتووی بێ وێنەیە، بۆیە شیاوترین دادوەرە بۆ ئەو پـۆستە و هیچ کەسێک لەو زیاتر شیاستەی نیـیە. داواشی لە ئەندامانی کۆماری و دیموکراتی ئەنجومەنی سینات کرد لە زووترین کاتدا پەسەندی بکەن.

پاشان دادوەر برێت کاڤەنۆ سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد وە بەو بۆنەیە وتارێکی پـێشکەش کرد و گوتی ڕێبازێکی دادوەری ڕێکی هەیە، وە دەبێت دادوەر سەربەخۆبێت و یاسا شیبکاتەوە نەک یاسا دروستبکات. گوتیشی بڕوای بەوەیە سیستەمی دادوەری سەربەخۆ تاجی وڵاتەکەیە.

بەڵێنی دا ئەگەر هاتوو ئەنجومەنی سینات پەسەندی کرد، ئەوا هەمیشە پەیڕەوی دەستور و یاسای وڵاتەکە دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە دادوەر برێت کاڤەنۆ لە کۆنگرێس ڕووبەڕووی پـرسیارێکی زۆری دیموکراتیـیەکان ببێتەوە کە ژمارەیەکی زۆریان تێبنیـیان لەسەری هەیە، بەو پـێـیەی کەسێکی کۆنەپارێزە.

هەر یەک لە چەک شومەر سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات و بێرنی ساندەرز سیناتۆر لیبراڵی دیموکراتەکان لە ڕێگەی تویتەرەکانیانەوە ڕەخنەیان لە سەرۆک ترامپ گرت لەسەر ئەم بڕیارەی.

بەڵام سیناتۆر جۆن مەککەینی کۆماری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و لەسەر تویتەرەکەی دادوەر برێت کاڤەنۆی پەسەندکرد.

جێی ئاماژەیە برێت کاڤەنۆی تەمەن 53 ساڵ سەرەتای کاری دادوەری بە یاریدەدەری دادوەر ئێنثنی کەنەدی دەسـتپـێکردبوو وە لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوشی کوڕ ڕاوێژکاری یاسایی کۆشکی سپی بوو.

XS
SM
MD
LG