Accessibility links

سەرۆک ترامپ کارەکانی بێڵی گراهامی بەرز نرخاند


سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە بەشداری لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە بێڵی گراهام کەسایەتی ئاینی ئەمەریکایی کرد، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دوایی‌کرد.

سەرۆک ترامپ وتارێکی پـێشکەش کرد و سەرەتا سوپاسی تەواوی بنەماڵەی گراهامی کرد کە ئەو شەرەفەیان پـێبەخشیوون بەشداری لەو مەراسیمەدا بکات.

پاشان بە کورتی باسی لە ژیانی بێڵی گراهام کرد کە چۆن لە تەمەنی نەوجەوانیـیەوە کاری بۆ ئاینی کرستیان و خۆشەویستی لە نێوان خەڵکیدا کردووە هەتا وای لێهات لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناسرا و بە ملیۆنان کەس گوێیان لە ئامۆژگاریـیە ئاینیـیەکانیان دەگرت.

سەرۆک ترامپ گوتیشی گراهام بۆ هەر کوێـیەک ڕۆیشتبێت هەمان پەیامە جوانەکەی هەبوو، ئەویش "خودا خۆشی‌دەوێن."

گوتیشی ئەمڕۆ بە شێوەیەک ڕێزی لێدەگرن کە پـێشتر تەنیا 3 ئەمەریکایی دیکە بەو شێوەیە ڕێزیان لێگیراوە.

جێی ئاماژەیە بێڵی گراهام لە ساڵی 1918 لە ناوچەیەکی گوندنشینی شارلۆتی ویلایەتی نۆرث کارۆلاینا لەدایکبووە و لە تەمەنی نەوجەوانی بووە بە پەیامبەرێکی ئاینی کرستیان و لە تەمەنی 30 ساڵی لەسەر ئاستی هەموو ئەمەریکا ناسرا و ئامۆژگاریـیەکانی لە ژمارەیەکی زۆری ڕادیۆ و کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن بڵاودەکرانەوە. پاشان لە تەمەنی 50 ساڵیدا وای لێهات لەسەر ئاستی هەموو جیهان ناسرا و دەڵێن نزیکەی 2.2 ملیار کەس لە جیهاندا گوێـیان لە ئامۆژگاریـیەکانی گرتووە.

XS
SM
MD
LG