Accessibility links

سەرۆک ترامپ بە دەستپـێکردنی پـرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆو بایدن قایل دەبێت


سەرۆک ترامپ دەڵێت هەرچەندە ئەو لە کەیسەکەی بەردەوام دەبێت و بڕوای وایە سەردەکەوێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەر وڵاتەکە ڕادەسپـێرێت دەستبکەن بە پـرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.

سەرۆک ترامپ ئێوارەی دووشەممە لە تویتەرەکەی نووسی ئیملی مورفی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریە گشتیەکان GSA و تیمەکەی ڕادەسـپـێرێت هەستن بە پـرۆتۆکۆلە سەرەتایـیەکان و هەروەها بە تیمەکەی خۆشی وتووە هەمان کاربکەن.

بەڕێوەبەرایەتیGSA، دەزگایەکی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکایـیە، بەرپـرسە لە پـرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە نێوان سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتەکە.

ئیملی مورفی لە نامەیەکی فەرمی بۆ جۆو بایدن نووسیویەتی وەک بەڕێوەبەری دەزگای GSA ، بەپـێی یاسای 1963 ی گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی مافی ئەوەی هەیە سەرچاوە و خزمەتگوزاریـیەکان دابینبکات بۆ پـرۆسەی گواستنەوەکە.

جەختی کردەوە ئەم بڕیارەی لە ژێر فشاری هیچ کاربەدەستێک نیـیە چ لە کۆشکی سپی یان لە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی و نە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ.

بەم بڕیارەی ئیملی مورفی، دەزگای GSA دەتوانێت ملیۆنان دۆلار بۆ پـرۆسەی گواستنەوەکە دابینبکات و تیمی سەرۆک ترامپ دەستبکەن بە کارکردن لەگەڵ تیمی جۆو بایدن بۆ ئەم مەبەستە.

پـێشتر ئەمڕۆ ئەنجومەنی ویلایەتی میشیگن لە دەنگدانێکدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکەی پەسەندکرد کە جۆو بایدن براوەیە، بەمەش بە فەرمی 16 دەنگی هەڵبژاردنی ویلایەتەکە بۆ جۆو بایدنی کاندیدی دیموکرات دەبێت. لە پـرۆسەی دەنگدانەکە سێ ئەندام بە ئەرێ دەنگیان دا و ئەندامێک دەنگی نەدا. هێشتا سکاڵا فەرمیـیەکانی کۆمیتەی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ بەردەوامن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان نەبووە کە لە بەرژەوەندی سەرۆک ترامپدا بن.

XS
SM
MD
LG