دووەم و کۆتا دیبەیتی نێوان سەرۆک ترامپ کاندیدی کۆماریـیەکان و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان شەوی پـێنجشەممە بەڕێوەچوو و ئەم جارە پەتای کۆرۆنا بابەتی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەکەیان بوو، هەرچەندە بابەتی خزمەتگوزاری تەندروستی و دەستێوەردانی ڕووسیا و ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و کۆچبەری و ڕەگەزپەرستی تەوەری دیکەی دیبەیتەکە بوون.
لە دەستپـێکدا، کریستن وێڵکەری کەناڵی NBC News وەک بەڕێوەبەری دیبەیتەکە گوتی لە زانکۆی بێڵمۆنتی شاری ناشڤیل لە ویلایەتی تێنسی بەخێرهاتنی هەردوو کاندید دەکات. پاشان گوتی دیبەیتەکە بۆ شەش تەوەری سەرەکی دابەشدەکراوە و لە سەرەتای هەموو تەوەرێک هەر کاندیدە و ماوەی 2 خولەکی هەیە وەڵامی پـرسیاری یەکەمی تەوەرەکە بداتەوە بەبێ ئەوەی قسەکانی پێ ببڕدرێت.
تەوەری یەکەم لە بارەی پەتای کۆرۆناوە بوو. کریستین یەکەم پـرسیاری ئاڕاستەی سەرۆک ترامپ کرد، گوتی "وڵاتەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی مەترسیدار دەڕوات. زیاتر لە 40 هەزار ئەمەریکایی ئەمشەو لە نەخۆشخانە کەوتوون، لەوانە ژمارەی پـێوانەیی لێرە لە تێنسی تۆمارکراوە. لە پاش یەکەم دیبەتی نێوانتان 16 هەزار ئەمەریکایی دیکە گیانیان لەدەستداوە. تکایە بە دیاریکراوی پـێمان بڵێ چۆن لە قۆناغی داهاتووی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێبەرایەتی وڵاتەکە دەکەیت؟"
سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا گوتی "وەک دەزانن پـێشبینی دەکرا 2.2 ملیۆن کەس بمرن. مەزنترین ئابوری جیهانمان داخست لە پـێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشیـیە ترسناکە کە لە چینەوە هاتووە. پەتایەکی جیهانیـیە و لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، دەبینیت ئێستا لە ئەوروپا و زۆر شوێنی دیکە تووشبوون بە نەخۆشیـیەکە زیادیکردووە، بەڵام ئەگەر سەرنجتان دابێت ڕێژەی مردن بە ڕێژەی 85% کەمی کردووە و ئەو زیادبوونی ڕێژەی مردنەی ئێستا لە ئەمەریکا ڕوو لە کەمبوونە و زۆر کەمترە لە هی هەر وڵاتێکی دیکە، ئێمە بە توندی شەڕی نەخۆشیـیەکە دەکەین، زیادبوونێک هەیە، لە فلۆریدا زیادیکرد و ئێستا نەما، لە ویلایەتی تەکساسیش زۆر زیادیکرد و ئێستا ئەویش نەما، لە ویلایەتی ئەریزۆناش زۆر زیادیکرد و ئەویش نەما، هەندێک زیادبوونی دیکە لە شوێنی دیکە هەن و ئەوانیش بەم زووانە نامێنن، ڤاکسینمان هەیە و وا بەڕێوەیە، ئامادەیە و لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ڕادەگەیەنرێت و بۆ بەکارهێنان ڕەوانەدەکرێت، پـرۆسەی خێراکردنمان هەیە و لەشکر هەڵدەستێت بە دابەشکردنی ڤاکسینەکان. دەتوانم لە ئەزمونی خۆمەوە پـێت بڵێم کە لە نەخۆشخانە بووم و گرتم و چاکبوومەوە، وە پـێت دەڵێم شتێکیان دامێ پـێموابێت هەندێک وەک چارەسەر ناوی دەبەن، بۆیە ماوەیەکی کورت لە نەخۆشخانە مامەوە و بە خێرایی چاکبوومەوە، ئەگەر نا ئەوا ئەمشەو لێرە نەدەبووم. ئێستا دەڵێن نەخۆشیـیەکە ناگرمەوە، ئیدی بۆ چوار مانگە یان بۆ هەتاهەتایە، کەس نەیتوانی ئەوە بڵێت، بەڵام ئیتر نەخۆشیـیەکە ناگرمەوە. هەتا دێت و خەڵکی زیاتر و زیاتر چاکدەبنەوە. ئەمە کێشەیەکی جیهانیـیە. لەلایەن ڕێبەرانی چەندان وڵاتەوە پـیرۆزباییم لێکرا لەسەر ئەوەی توانیومانە ئەنجامی بدەین. ئەگەر سەرنج بدەیتە ئەوەی کردوومانە سەبارەت بە چاویلکەی چاوپاراستن و ماسک و جلوبەرگی پاراستن لە ڤایرۆس و شتی دیکە، بە تایبەتی ئامێری هەناسەدان. ئێستا ئێمە مانگانە هەزاران و هەزاران ئامێری هەناسەدان دروستدەکەین و بەسەر تەواوی جیهاندا دابەشیان دەکەین. وەک وتم دۆخەکە پـێچەوانە دەکەینەوە."
پاشان کریستن ڕووی دەمی کردە جۆو بایدن و پـرسیاری لێکرد و گوتی"وڵاتەکە چۆن لەم قەیرانە دەهێنیتە دەرێ؟"
بایدن لە وەڵامدا گوتی" 220 هەزار ئەمەریکایی گیانیان لەدەست دا. هیچ شتێکی دیکەم نیـیە ئەمشەو بیڵێم. گوێ لەمە بگرن، هەر کەسێک بەرپـرسیارێتی لە ئەستۆ نەگرێت، لە ڕاستیدا لە سەرەتاوە بڵێت من بەرپـرسیارێتی هەڵناگرنم، هەر کەسێک بەرپـرس بێت لەو ژمارەی گیان لەدەستدانە نابێت وەک سەرۆکی ئەمەریکا بمێنێتەوە. ئێمە ئێستا لە دۆخێکداین ڕۆژانە هەزار حاڵەتی مردن و زیاتر لە 70 هەزار حاڵەتی تووشبوونمان هەیە. بەراورد بە ئەوروپا وەک گۆڤاری نیو ئینگلاند مێدیکڵ گوتی لای ئەوان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم حاڵەتی تووشبوون زیادیکردووە و ئێمە بە شێوەیەکی زۆر بەرز زیادیکردووە. پـێشبینیـیەکان لە ئێستاوە هەتا کۆتایی ساڵ 200 هەزار ئەمەریکایی دیکەمان گیان لەدەست دەدەن، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی ماسک نابەسترێت. ڕاوێژکارەکان بە سەرۆکیان گوتووە دەتوانرێت ژیانی 100 هەزار کەس ڕزگاربکرێت ئەگەر ئەم ماسکە ببەسترێت. هێشتا ئێمە لە دۆخێکداین سەرۆک هەتا ئێستا پـلانی نیـیە، پـلانێکی گشتگیری نیـیە. من بوومایە هەموو خەڵکم هان دەدا بە بەردەوامی ماسک ببەستن، جەختم دەکردەوە لەسەر ئەنجامدانی پـشکنینی نەخۆشیـیەکە بە خێرایی، دانانی ڕێسایەکی نیشتمانی بۆ چۆنیەتی کردنەوەی قوتابخانەکان و کردنەوەی کارە بازرگانیـیەکان بە شێوەیەک پارێزراوبن، دەبێت سەرچاوەی دارایی پـێویستیان بدەینێ بۆ هەستان بەم کارە. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین وەک گۆڤاری نیو ئینگلاند مێدکڵ، کە یەکێکە لە کۆڤارە گرنگەکان لە تەواوی جیهاندا، دەڵێت کاردانەوەی ئەم سەرۆکە لە بەرامبەر ئەم قەیرانە بە تەواوی کارەسات بووە. بۆیە هاوڕێـیان من ئەمە لە ئەستۆ دەگرم و کۆتایی پـێدەهێنم و دڵنیا دەبم کە پـلانێکمان بۆی دەبێت."
تەوەری دووەم لە بارەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بوو.
کریستن وێڵکەری گوتی "دەمەوێت بە ئاسایشی هەڵبژاردنەکانمان دەستپـێبکەم و ئەو هەواڵانەی شەوی ڕابردوو بڵاوکرانەوە کە گەورە کاربەدەستانی هەواڵگری وڵاتەکە جارێکی دیکە جەختیان کردەوە هەر یەک لە ڕووسیا و ئێران کاردەکەن بۆ کارکردنە سەر ئەم هەڵبژاردنانە. ئەم دوو وڵاتە زانیاریـیان بەدەستهێناوە لەبارەی دەنگدەران لە ئەمەریکا. کاربەدەستەکان دەڵێن هەوڵیان داوە پەیامی ترسێنەر بۆ دەنگدەران لە فلۆریدا ڕەوانەبکەن. ئەم پـرسیارە بۆ جێگری سەرۆک (جۆو بایدن)، چی دەکەیت بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەمە؟"
جۆو بایدن لە وەڵامدا گوتی"بە ڕوونی گوتومە و داوا لە هەمووان دەکەم بەڵێن بدەن، هەرچ وڵاتێک ئیدی هەر کێ بێت دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە باجەکەی دەدات. ڕوونە ڕووسیا دەستێوەردانی هەبووە و چین هەتا ڕادەیەک ئەویش دەستێوەرادنی هەبووە و ئێستا زانیمان هەیە ئێرانیش دەستی داوەتێ. ئەگەر من هەڵببژێردرێم ئەوا باجەکەی دەدەن. ئەوان دەستوەردەدەنە سەروەری ئەمەریکا، وە ئەوەی من بزانم بڕواناکەم سەرۆک لەبارەی ئەمە هیچ شتێکی بە پـوتن گوتبێت، بڕوا ناکەم زۆر چاویان لێ سووربکاتەوە، بڕواناکەم وشەیەکی گوتبێت، نازانم بۆچی لەم بارەیەوە وشەیەکی بە پـوتن نەگوتووە، وە ناشزانم ئەگەر لەم دوایـیانە شتێکی بە ئێرانیـیەکان گوتبێت، پـێموابوو زیاتر لە بەرامبەر ئێرانیـیەکان توند دەبێت. بەڵام مەسەلەکە ئێستا ئەوەیە ئێمە لە دۆخێکداین وڵاتانی بیانی هەوڵ دەدەن دەستوەربدەنە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانمان. ڕاوێژکارەکەی بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێی گوتبوو چی لەگەڵ هاوڕێکەی (ڕوودی جولیانی) ڕوودەدات کە وەک داشی دامەی دەستی ڕووسەکان بەکاردەهێنرێت. ڕووسیا دەیەوێت دڵنیاببێت لەوەی من بە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا هەڵنەبژێردرێم، چونکە دەیانناسم و دەمناسن. تێناگەم بۆچی ئەم سەرۆکە ئامادە نیـیە ڕووبەڕووی پـوتن ببێتەوە لە کاتێکدا خەڵات دادەنێت بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان وە هەوڵی ناسەقامگیری ناتۆ دەدات، نازانم بۆچی هیچ ناکات بە ڕاستی جێی پـرسیارە. بۆیە هەرچ وڵاتێک دەستوەربداتە وڵاتەکەمانەوە باجەکەی دەدات، چونکە کاریگەری بەسەر سەروەری وڵاتەکەمانەوە دەبێت."
پاشان کرستین گوتی" سەرۆک ترامپ هەمان پـرسیار لە تۆ دەکەم، دەستێوەردانی گەورە هەبوون لەلایەن نەیارانی بیانیـیەوە، لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیـیەکەت چی دەکەیت بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەمە؟"
سەرۆک ترامپ گوتی" باشە با وەڵامی بەشی یەکەم بدەم وەک جۆو وەڵامی دایەوە. جۆو 3.5 ملیۆن دۆلاری لە ڕووسیا دەستکەوتووە و لە ڕێگەی پـوتنەوە دەستیکەوتووە، چونکە زۆر دۆستی سەرۆکی پـێشووی شارەوانی مۆسکۆ بووە و لە هاوسەری سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ 3.5 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە. دەبێت ڕۆژێک ڕوونی بکەیتەوە بۆچی ئەو سێ ملیۆن دۆلارەت وەرگرتووە. من بۆخۆم هەرگیز پارەم لە ڕووسیا دەستنەکەوتووە. سەبارەت بەو هەواڵەکەی دوێنێ شەو، من هەموو شتێکم لە بارەیەوە دەزانی لە ڕێگەی جۆن ڕاتکلیف. گوتی شتی هاوبەشی نێوانیان ئەوەیە هەردووکیان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێیت، چونکە کەس نەبووە هێندەی من لە سەپاندنی سزا لە دژی ڕووسیا توندبێت. دەزانن وەهام لە وڵاتانی ناتۆ کرد 130 ملیار دۆلاری دیکە دابنێن، بەوەش ساڵانە 420 ملیار دۆلار دەدەن، ئەمە بۆ پاراستنە لە ڕووسیا. ئەو (جۆو بایدن) پـشتی و چەرچەفی بە ئۆکرانیا دەفرۆشت، بەڵام من تانک شکێنم پێ فرۆشتن. کەس نیـیە هێندەی دانۆڵد ترامپ لە بەرامبەر ڕووسیا توندبێت. با پـێشت بڵێم ئەوان (ڕووسەکان) زۆر خراپ بوون، دەستیانگرت بەسەر بەندەری کەشتی ژێر دەریایی لەوێ. جوان بیربکەرەوە لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی تۆ و براک ئۆباما، ڕووسەکان دەستیانگرت بەسەر بەشێکی گەورە کە دەبوو هی ئۆکرانیابێت، ئێوە ڕادەستانکردن. بەڵام پارەیەکی زۆرت لە ڕووسیا دەستدەکەوت، پارەی زۆریان دەدایتێ و لەوانەیە ئێستاش پارەت بدەنێ. بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات خراپترە، ئەو هەموو ئیمەیڵە پـیشانی دەدەن خۆت و خێزانەکەت چیتان دەستکەوتووە. بەشێکی ئەمانە ڕوویان دا کاتێک جۆو جێگری سەرۆک بوو، نەدەبوو هەرگیز ئەوە ڕووبدات. لەو بڕوایەدام دەبێت ئەمە بۆ خەڵکی ئەمەریکا ڕوونبگەیتەوە."