Accessibility links

سەرۆک ترامپ و جۆو بایدن لە یەکەم دیبەیتیاندا بە توندی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە


سەرۆک ترامپ کاندیدی کۆماریـیەکان و جۆو بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان لە یەکەم دیبەیتی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی زۆر بە توندی ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە.

دیبەیتەکە شەوی سێشەممە لە هۆڵی زانکۆی کەیس وێسترن ڕێزێرڤ لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ بەڕێوەچوو و ڕۆژنامەوان کرێس واڵس ، بێژەری کەناڵی فۆکس نیوز FOX Newsبەڕێوەی برد.

ڕۆژنامەوان کرێس واڵس
ڕۆژنامەوان کرێس واڵس

کرێس واڵس لە دەستپـێکدا گوتی دیبەیتەکە بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدرێت و دیبەتەکەی بۆ شەش 15 خولەک دابەشکردووە و هەر کاندیدێک 2 خولەک ماوەی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پـرسیاری یەکەمی هەر بەشێک و پاشان وتووێژەکە کراوە دەبێت.

کرێس واڵس یەکەم پـرسیاری بە بابەتی دادگای باڵا دەستیپـێکرد. ڕووی دەمی کردە دانۆڵد ترامپ و گوتی "سەرۆک ترامپ لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ئێمی کۆنی بارێتت دەستنیشانکرد شوێنی دادوەری کۆچکردوو ڕۆث بەیدەر گێنسبێرگ بگرێتەوە لە دادگای باڵا، تۆ دەڵێیت دەستور ڕوونە لە بارەی ئەوەی تۆ و ئەنجومەنی سینات دەتوانن دادوەرێک بۆ دادگای باڵا دەستنیشان بکەن."

پاشان ڕووی دەمی کردە جۆو بایدن و گوتی"جێگری سەرۆک بایدن تۆ دەڵێیت ئەمە هەوڵێکی سەرۆک و کۆماریـیەکانە بۆ دانانی دادوەرێک وە بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ناودێری دەکەیت."

دواتر گوتی" ئەمشەو پـرسیاری یەکەمم ئەوەیە بۆچی هەریەکەتان قسەکانی خۆی بە ڕاست دەزانێت و قسەکانی بەرامبەرەکەی بە هەڵە دادەنێت؟ وە پـێتوایە دادوەر بارێت دادگاکە بەرەو کوێ دەبات؟ سەرۆک ترامپ لە دوو خولەکەکەی خۆت وەڵام بدەرەوە."

سەرۆک ترامپ گوتی"سوپاس کرێس، زۆر بە سانایی پـێت دەڵێم ئێمە لە هەڵبژاردنەکاندا بردمانەوە و هەڵبژاردنەکانیش ئاکامیان هەیە، ئەنجومەنی سیناتمان هەیە، کۆشکی سپیـمان هەیە و دادوەرێکی نایابمان هەیە کە جێی ڕێزی هەمووانە و جێی ڕێزی گەورە ئاکادیمیایـیەکانە. لە هەموو شتێکدا باشە. لە ڕاستیدا، هەندێک لەوانەی زۆر پەسەندی دەکەن کەسانی زۆر لیبراڵن لە نۆتردام و شوێنی دیکە، بۆیە پـێموایە زۆر زۆر باش دەبێت. کاتێکی زۆرمان لەبەردەمدایە تەنانەت ئەگەر لە دوای هەڵبژاردنەکانیش ئەنجامی بدەین. وەک دەزانیت لە دوای هەڵبژاردنەکانیش کاتێکی زۆرم لە بەردەمدایە. بۆیە پێـموایە ئێجگار باش دەبێت. باش دەبێت وەکو هەر کەسێکی دیکە لە دادگاکە خزمەتی کردبێت. پـرۆفیسۆرێکی زانکۆی نۆترداممان هەیە کە لە لایەن هەمووانەوە ڕێزێکی زۆری لێدەگیرێت، دەڵێن باشترین خوێندکاربووە.

بۆ ماوەیەکی درێژ پـرۆفیسیۆر بووە لە زانکۆیەکی گەورە. هەڵبژاردنەکانمان بردووەتەوە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە هەڵی‌ببژێرین. خەڵکێکی کەم بە مەبەست پـێچەوانەی ئەمە دەڵێن. بۆ زانیاریتان ئەوە دیموکراتەکان بوونایە هەر بیریان لێ نەدەکردەوە شتێکی وەها بکەن، تاکە جیاوازی ئەوە دەبوو کە ئەوان هەوڵیان دەدا بە شێوەیەکی خێراتر ئەنجامی بدەن. بۆیە ناکرێت کۆڵ بدەین. ئەوان مێریک گارلەندیان هەبوو، بەڵام کێشەکەیان ئەوە بوو هەڵبژاردنەکانیان نەبردەوە، بۆیە ڕاگیران. لەوانەیە بە پـێچەوانەشەوە ئەوە ڕووبدات، بێگومان ئەوسا بە پـێچەوانە دەبێت. ئینجا بۆیە کە هەڵبژاردنەکانمان بردووەتەوە مافی ئەوەمان هەیە ئەوە ئەنجام بدەین."

پاشان کرێس واڵس ڕووی دەمی کردە جۆو بایدن و گوتی" جێگری سەرۆک بایدن هەمان پـرسیار بۆ تۆش و دوو خولەکت هەیە وەڵام بدەیتەوە."

جۆو بایدن سوپاسی کرێسی کرد بۆ بەڕێوەبردنی دیبەیتەکە و سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد و سەرۆک ترامپیش لای خۆیەوە سوپاسی کرد.

جۆو بایدن لە وەڵامی پـرسیارەکە گوتی" خەڵکی ئەمەریکا مافی خۆیەتی قسەی هەبێت لە دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی بۆ دادگای باڵا دەستنیشاندەکرێت وە ئەوەش لە ڕێگەی دەنگدادن بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی سینات و دەنگدان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت. ئێستا ئەو هەلەیان بۆ ناڕەخسێت چونکە هەڵبژاردنەکان دەستیانپـێکردووە و ئێستا ئێمە لە نیوە هەڵبژاردنەکانداین و دەیان هەزار کەس دەنگیان داوە، بۆیە تاکە شت کە دەبێت بکرێت ئەوەیە چاوەڕێ بکەین، چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەین چۆن دەبن، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەیە کە خەڵکی ئەمەریکا دەتوانێت لێوەی ڕای خۆی دەرببڕێت، ئەویش ئەو سەرۆک و جێگرەی هەڵی‌دەبژێرێت. ئینجا ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە سەرۆک بە ڕوونی گوتویەتی دەیەوێت یاسای خزمەتگوزاری تەندروستی بە نرخی گونجاو نەهێڵێت وە بۆ ئەوە کاری کردووە و لەسەر ئەوە هاتووەتە هەڵبژاردنەکان و ئێستا هەوڵ دەدات لە دادگای باڵا ئەو یاسای خزمەتگوزاریەی ئێستا هەیە نەیهێڵێت کە نەمانی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیمەی تەندروستی 20 ملیۆن کەس. من لە دژی دادوەرەکە نیم، پـێدەچێت کەسێکی زۆر باش بێت، بەڵام پـێش ئەوەی پچێتە سەر کورسیـیەکە کە ئەوەش مافی خۆیەتی، نووسیویەتی لەو بڕوایەدایە یاسای ئێستای خزمەتگوزاری تەندروستی دەستوری نیـیە. شتێکی دیکەش هەیە کە پەیوەندیـیان بە مافی ژنانەوە هەیە. جارێکی دیکە ڕەنگە ژن پارەی زیاتر بدات چونکە حالەتێکی نەخۆشی درێژخایەن و دووگیانی هەیە یان پارەی زیاتر بدات بۆ هەمان شت کە بۆ پـیاو دەکرێت. ئەمە کۆتایی پـێهات کاتێک یاسای خزمەتگوزاری تەندروستی بە نرخی گونجاومان دەرکرد.هەروەها 100 ملیۆن کەس هەن حاڵەتی درێژخایەنیان هەیە و ئەوانیش بێ بیمە دەکرێن، کۆمپانیاکانی بیمە ئەمەیان پـێ خۆش دەبێت. ئینجا بۆیە گونجاو نیـیە ئەمە پـێش هەڵبژاردنەکان بکرێت. ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بردیـیەوە و ئەنجومەنی سینات دیموکرات بوو یان کۆماری بوو با ئەو کاتە هەنگاوی خۆی بۆ بنێت، ئەگەر نا ئەوا دەبێت هەتا مانگی دوو چاوەڕێ بکەین."

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە 100 ملیۆن کەس هەبن حاڵەتی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبێت. گوتیشی بەپـێی دەستور سەرۆک ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی چوار ساڵە، بۆیە دەتوانێت بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ دانانی دادوەر ئێمی کۆنی بارێت لە دادگای باڵا.

تەوەری دووەمی دیبەیتەکە پەتای کۆرۆنا بوو.

کرێس گوتی زیاتر لە 7 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئەمەریکا تۆمارکراوە و زیاتر لە 200 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە. تەنانەت بۆ دوای ئەوەی ڤاکسینەکەش بەرهەم دەهێنرێت وەک شارەزایان دەڵێن چەندان مانگ یان ساڵی دەوێت هەتا شتەکان ئاسایی دەبنەوە. پرسیاری لێکردن بۆچی ئەمەریکایـیەکان زیاتر بڕوا بەو بکەن لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە تەندروستیـیە؟

بایدن لە وەڵامی پـرسیارەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دانیشتوانی ئەمەریکا 5 بۆ 4 لەسەدی دانیشتوانی زەوی پـێکدەهێنن، بەڵام 20 لەسەدی ئەوانەی لە جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە ئەمەریکان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سەرۆک ترامپ ڕێوشوێنی پـێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیـیەکە. گوتی سەرۆک ترامپ لە مانگی دووەوە دەزانێت چەندە ئەم نەخۆشیـیە مەترسیدارە، بەڵام لەبەر مەسەلەی ئابوری پشتگوێی خستووە.

سەرۆک ترامپ بەرپـەرچی قسەکانی جۆو بایدنی دایەوە و گوتی ئەگەر بە قسەی دیموکراتەکانیان بکردایە ئەوا سنوورەکانی وڵاتەکە بە کراوەیی دامانەوە و خەڵکی زیاتر تووشی نەخۆشیـیەکە دەبوون و ملیۆنان کەس لە بری ئەو 200 هەزارە گیانیان لەدەستدەدا. گوتیشی وڵاتانی وەکو چین و ڕووسیا و هند ئامارە ڕاستەکان بڵاوناکەنەوە، بۆیە وەها دەردەکەوێت تەنیا لە ئەمەریکا ژمارەکان بەرزە.

سەبارە بە ئابوری، کرێس پـرسیاری لێکردن گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکە چۆن دەبێت؟

سەرۆک ترامپ گوتی مەزنترین ئابوری بنیادنانەوە، بەڵام بەهۆی ئەم پەتایەی کە بە چینی ناودێری کرد، ئابوریـیەکە داخرا ، بەڵاو وا ئێستا سەرلەنوێ دەیکەنەوە و ملیۆنان خەڵک بۆ سەر کارەکانیان دەگەڕێنەوە. هوشداری دا کە ئەگەربێت و جۆو بایدن ببێت بە سەرۆک ئەوا ئابوری وڵاتەکە سەرلەنوێ دادەخات.

جۆو بایدن لای خۆیەوە گوتی دانۆڵد ترامپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە پـۆستەکەی جێبهێڵێت و کەمترین کار لە وڵاتەکەیدا هەبن. گوتیشی ناکرێت ئابوری بکرێتەوە لە کاتێکدا حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە.

پاشان بێژەرەکەی کەناڵ فۆکس نیوز پـرسیاری لە بارەی ئابوری لێکردن و ڕووی دەمی کردە سەرۆک ترامپ و گوتی ئەو هەواڵە ڕاستە کە دەڵێت لە ساڵی 2016 و 2017ساڵانە تەنیا 750 دۆلار باجت بە حکومەتی فیدراڵ داوە؟

سەرۆک ترامپ هەواڵەکەی ڕەتیکردەوە و گوتی بە ملیۆنان دۆلار باجی داوە، بەڵام گوتیشی ئەگەر باجی کەم دابێتە هۆکارەکەی بۆ یاساکانی سەردەمی براک ئۆبامای سەرۆکی پـێشوو دەگەڕێتەوە.

جۆو بایدن لای خۆیەوە گوتی سەرۆک ترامپ ئەو یاسایەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە، بۆیە کاتێک ببێت بە سەرۆک سنوورێک بۆ کەم وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندەکان دادەنێت و باجی زیاتر دەخاتە سەر کۆمپانیاکان و پارەی ئەو باجە بۆ خەڵکانێک بەکاردەهێنێت کە پـێویستیان بە یارمەتی بێت. گوتیشی پـلانی ئابوری هەیە کە 7 ملیۆن هەلی کار لە وڵاتەکە دروستدەکات.

سەرۆک ترامپ پـلانەکانی جۆو بایدنی ڕەتکردەوە و ڕووی دەمی لێکرد و گوتی ئەگەر تۆ ببیتە سەرۆک و باج زیابکەیت لەسەر من و کۆمپانیاکان ئەوا نیوەی ئەو کۆمپانیایانەی هاتوون دەڕۆن و سستیـیەکی ئابوری ڕوودەدات کە هەرگیز پـێشتر نەبووبێت.

بەڵام جۆو بایدن بەرپەرچی دایەوە و گوتی کاتێک لە ساڵی 2009 لەگەڵ براک ئۆبامای سەرۆکی پـێشوو هاتنە کۆشکی سپی، وڵاتەکە دووچاری سستیـیەکی ئابوری بووبوو، بەڵام بە پلانەکانیان توانیان ئابوریـیەکە ببوژێننەوە و لە دوای خۆیاندا وڵاتێکی خاوەن ئابوری بەهێزی ڕادەستی ترامپ بکەن.

XS
SM
MD
LG