سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دوو فەرمانی دەرکرد تیایدا هەر مامەڵەیەکی ئەمەریکی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بایت دانسی خاوەنی تیک تۆک و تێنسێنتی خاوەنی ویچات قەدەغە دەکات و بڕیارەکە دەبێت لە ماوەی 45 ڕۆژدا جێبەجێ بکرێت.
ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ دوای ئەوە دێت بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا لە ماوەی ڕابردوودا وتی هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ سڕینەوەی ئەو بەرنامە چینیانەی کە " متمانەپێکراو " نین و تیک تۆک و ویچاتیان بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا ناودێرکرد.
سەرۆک ترامپ لە بڕیارەکەیدا بۆ قەدەغەکردنی تیک تۆک وتی دەکرێت ئەو بەرنامەیە لەو هەڵمەتە چەواشەکارییانەدا بەکاربهێندرێت کە سوود بە حیزبی شیوعی چین دەگەیەنێت و دەبێت ئەمەریکا " لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەدا ڕێوشوێنی توند دژی خاوەنی تیک تۆک بگرێتەبەر."
سەبارەت بە قەدەغەکردنی ویچیاتیش کە بەرنامەیەکی نامەناردنە وتی " زانیارییەکی زۆری بەکارهێنەرەکانی کۆدەکاتەوە. ئەم پڕۆسەی کۆکردنەوەی زانیارییانە وادەکات حیزبی شیوعی چینی دەستی بگات بە زانیارییە تایبەتییەکانی ئەمەریکییەکان."
لەم هەفتەیەدا سەرۆک ترامپ وتی پشتیوانی لە فرۆشتنی تیک تۆک دەکات بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەکاتێکدا ئەگەر حکومەتی ئەمەریکا بەشێکی گەورەی لە نرخی فرۆشتنەکە دەستبکەوێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز