Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوای " ئاشتەوایی " دەکات و بەڵێنی گواستنەوەی دەسەڵات دەدات بەبێ هیچ کۆسپێک


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای " ئاشتەوایی و ساڕێژکردنی برینەکانی " کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنگرانی سەرۆک ترامپ هەڵیانکوتایە سەر بینای کاپیتۆڵ و پشێوی ڕوویدا، جەختیشی لەوە کردەوە دەیەوێت گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن " بەبێ کۆسپ " بەڕێوەبچێت.

سەرۆک ترامپ لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە پێشتر تۆمارکرابوو لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە دەڵێت " بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکە لە 20 ی مانگی یەکدا سوێندی یاسایی دەخوات. ئێستا سەنگ دەخەمە سەر ئەوەی گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی هێمنانە و ڕێکخراو و بێ کۆسپ بەڕێوەبچێت. ئەم ساتە پێویستی بە ئاشتەوایی و پێچانی برینەکانە."

هەروەها وتیشی " بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەمان، خزمەتکردنتان وەکو سەرۆک سەربەرزی ژیانم بووە. هەروەها بۆ هەموو لایەنگرەکانیشم، دەزانم کە نائومێد بوون بەڵام دەمەوێت بزانن گەشتە مەزنەکەمان تەنها لە سەرەتای دەستپێکردنیدایە."

سەرۆک ترامپ سەبارەت بەوانەشی کە هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس وتی " ئەوانەی کە کردەوەی توندوتیژی یاخود کاری تێکدەرانەیان کردووە، ئێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان ناکەن، بۆ ئەوانەشی یاسایان پێشێلکردووە، باجەکەی دەدەن."

هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە دوو دیموکراتی باڵای کۆنگرێس داوای لەکارخستنی ترامپیان کرد، جا بەڕێگای ئیمپیچکردنێکی تربێت یان بە ڕێگایەکی تری دەستوری کە جێگری سەرۆک و زۆریبەی کابینەتەکەی دەتوانن سەرۆکێک لە سەردەسەڵات لادەن کە لە ڕووی دەرونییەوە توانای بەڕێوەبردنی نەبێت. ژمارەیەک لە کۆمارییەکانیش داوای لابردنیان کرد.

بەڵام پاشان ئەو شیانە کەمبۆوە کاتێک زانرا جێگری سەرۆک مایک پێنس ئامادە نییە ئەو کارە بکات.

سیناتۆر چەک شومەری نیویۆرک، کە بەم زووانە دەبێت بە ڕێبەری زۆرینە لە سینات، گوتی ئەو ڕێگایە " خێراتر و کاریگەرتر" دەبوو بۆ دەرکردنی ترامپ لە کۆشکی سپی. پێویستە سەرۆک یەک ڕۆژی تریش لە ئۆفیس نەمێنێتە."

ئەو گوتیشی بەڵام " ئەگەر جێگری سەرۆک و کابینەی حکومەت ئامادە نەبن دژی ڕاوەستن، ئەوا پێویستە کۆنگرێس ئیمپیچکردنی دەستپێبکاتەوە."

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لادانی ترامپی کرد و ئاماژەی بە چەند ئەندامێکی کابینەکە کرد و پرسیاری کرد بۆچی هیج ناڵێن.

ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممە، هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لەلایەن گێرەشێوێنەکانەوە، لەگەڵ قسەکانی ترامپ بۆ لایەنگرانی لە نیوەڕۆ دەستی پێکرد کاتێک داوای لە لایەنگرانی دەکرد بەردەوامبن لە بەگژداچوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەوکاتەی کە ئەندامانی کۆنگرێس نزیکەی دووکیلۆمەتر دوور لەو شوێنەوە خەریکی ژماردنی دەنگی نوێنەران و بە فەرمی پەسەندکردنی دەنگەکان بوون.

XS
SM
MD
LG