Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هەرگیزا و هەرگیز ئەمەریکا ملکەچی زۆرداری نابێتەوە


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپاتیکردەوە وڵاتەکەی بەبێ هیچ چەندوچۆنێک ئامادەیە ڕووبەڕووی بەدکاران ببێتەوە بۆ پاراستنی خۆی، وە ئەمەریکا هەرگیزا و هەرگیز ملکەچی زۆرداری نابێتەوە.

سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە ئامادەی ئەو مەراسیمە بوون کە لە شاری شانکسڤیڵی ویلایەتی پەنسلڤانیا بەڕێوەچوو بە بۆنەی 17 هەمین ساڵیادی هێرشەکانی11 ی سێپتەمبەر، ئەوەی بوونە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی 3 هەزار کەس لە هەرسێ ویلایەتی نیویۆرک و ڤێرجینیا و پەنسلڤانیا.

سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی گوتیشی لە پاش 11 ی سێپتەمبەر نزیکەی 5.5 ملیۆن ئەمەریکایی چوونەتە ناو لەشکر و هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئەمەریکاوە، نزیکەی 7 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆری ئیسلامی توندڕەودا.

سوپاسی نزیکەی 200 هەزار سەرباز و ئەندامی هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئەمەریکای کرد کە لە دەرەوەی وڵات ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. بەڵێنیشی دا وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان هەمیشە هەرچی لە توانایدا بێت بیکات بۆ ڕێگەگرتن لە تێرۆرستان لەوەی لەسەر خاکی ئەمەریکا دەست بوەشێنن.

پاشان گوتی هەرگیز ئایندەی ئەمەریکا لە لایەن دوژمنانیـیەوە دەستنیشان ناکرێت، بەڵکو تەنیا و تەنیا بە دەستی قارەمانانی ئەمەریکاوە دەبێت.

سەرۆک ترامپ گوتی ئەو 40 ژن و پـیاوە قارەمانەی ڕووبەڕووی تێرۆرستان بوونەوە لە ناو ئەو فڕۆکەیەی لێرەدا کەوتە خوارێ، بۆ هەموو جیهانی نیشان دا کە هیچ هێزێک لە جیهاندا نیـیە بتوانێت شکست بە گیانی قارەمانێتی ئەمەریکایـیەکان بهێنێت.

جێی ئاماژەیە لە 11 ی سێپتەمبەری ساڵی2001 تێرۆرستانی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە چوار فڕۆکەی نەفەر هەڵگریان ڕفاند. دوو فڕۆکەیان کێشا بە هەردوو تاوەری ناوەندی بازرگانی لە نیویۆرک و فڕۆکەیەکی دیکەیان کێشا بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، بەڵام فڕۆکەی چوارەم کە 40 سەرنشینی تێدابوو لە نزیک شانکسڤیڵی ویلایەتی پەنسلڤانیا کەوتە خوارێ، پاش ئەوەی سەرنشینەکان بە ئامانجی تێرۆرستانیان زانی کە دەیانەوێت فڕۆکەکە وەکو فڕۆکەکانی دیکە لە شوێنێکی گرنگی وڵاتەکەدا بدەن، بۆیە قارەمانانە ڕووبەڕوویان بوونەوە و نەیانهێشت ئەو تاوانە ئەنجام بدەن.

XS
SM
MD
LG