Accessibility links

لە ئاکامی زریانی تۆرنادۆ لە ویلایەتی ئەلەبامای ئەمەریکا 23 کەس گیانیان لەدەست‌دەدەن


کاربەدەستان لە ویلایەتی ئەلەبامای باشوری ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن لە ئاکامی بە لایەنی کەم 2 زریانی بەهێزی تۆرناندۆ کە ڕۆژی یەکشەممە لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەی دابوو 23 کەس گیانیان لەدەستداوە.

جەی جۆنز بەرپـرسی پـۆلیس لە ناوچەی "لی کاوەنتی" لە ڕۆژهەڵاتی شاری مۆنتگۆمری شەوی یەکشەممە بە کەناڵی CBS ی گوت لە نێو ئەو 23 کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژمارەیەک منداڵ هەن. گوتیشی بیری نایەت لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوو هێندە زیانی گیانی بە ناوچەکەیان کەوتبێت لە ئاکامی تۆرنادۆ. باسی لەوەش کرد ژمارەیەک برینداریش هەن و هەندێکیان برینەکانیان قورسە.

تۆرنادۆکە چەند کیلۆمەترێک ڕۆیشتبوو و بە پانی نزیکەی 400 مەتر هەرچی لە بەردەمیدا بووە وێرانیکردووە.

ڤیدیۆکان نیشانی دەدەن بە دەیان ماڵ وێرانبوون و دارودرەختی ناوچەکە لقەکانیان شکاون و ڕێگە و جادەکان بەشێکیان بە لقە دار و داروپەردووی شوێنە وێرانبووەکان گیراون.

کاربەدەستان پـێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانیـیەکان زیاتربێت، هاوکاتی ئەوەی کارمەندانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان و پـشکنین لە نێو داروپەردووی ماڵە وێرانبووەکاندا.

زیاتر لە 6 هەزار ماڵ لە ویلایەتی ئەلەباما و نزیکەی 16 هەزار ماڵی دیکە لە ویلایەتی جۆرجیای دراوسێ وزەی کارەبایان بڕاوە.

سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە داوای لە هاوڵاتیانی ئەلەباما کرد ئاگاداری خۆیان بن لەو زریان و تۆرنادۆیانەی ناوچەکەیانی گرتووەتەوە. پاشان پـرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی ئاکامی تۆرنادۆکە کرد.

XS
SM
MD
LG