ڕاگەیاندنەکانی ژاپۆن بڵاوییان کردەوە ڕۆژی دووشەممە تەقینەوەیەک لە بینایەکی ناوەڕاستی شاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن ڕوویداوە و پاشماوەی بیناکە بەسەر شەقامە قەرەباڵغەکەی بەردەمیدا بڵاوبووەتەوە ئاگر لە بیناکەدا کەوتۆتەوە، بەڵام ئاگرەکە بە زوویی کۆنتڕۆڵ کرا و تەنها چوار کەس بە سوکی بریندار بوون.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە کەناڵی ئێن ئەیچ کەی ژاپۆن بڵاویکردۆتەوە، دووکەڵ لە پەنجەرەکانی نهۆمی دووەمی بیناکەوە دێتە دەرەوە، بیناکە دەکەوێتە ناوچەی شیمباشی تۆکیۆی پایتەختەوە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە ڕوون نیە، بەڵام شایەتحاڵان دەڵێت پێش ئەوەی دەنگی تەقینەوەکە ببیستن بۆنی غازییان کردووە.
شایەتحاڵێک کە لە ڕێستۆرانتێک کاردەکات لە نهۆمی یەکەمی بیناکە، وتی " چووم بۆ سەر کار و دەستم کرد بە ئامادەکارییەکان کاتێک گوێم لە دەنگێکی بەرزی تەقینەوەیەک بوو."
ئەو ناوچەیەی تەقینەوەکە تێیدا ڕوویداوە دەکەوێتە نزیک وێستگەیەکی شەمەندەفەرەوە و پڕە لە ڕێستۆرانت و شوێنی خواردنەوە و کارمەندانی ئۆفیسەکان ڕووی تێدەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز