Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکی دەیەوێت ڕێگە نەدرێت سوپا دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێندرێت


سیناتۆر تیم کەین
سیناتۆر تیم کەین

سیناتۆرێکی دیموکراتەکانی ئەمەریکا وتی هەوڵدەدات بەکارهێنانی سوپا لەلایەن سەرۆک ترامپەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران بە نایاسایی بکات.

دوای ئەوەی لە هەندێک لە شارەکانی ئەمەریکا پێکدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا، سەرۆک ترامپ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشەکە.

سیناتۆر تیم کەین وتی پێشنیاری بەندێک دەکات بۆ یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگری نیشتیمانی ، کە ئەم یاسایە سیاسەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دیاریدەکات.

تیم کەین وتی " هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە پێویستمان بە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بەرگری نیشتیمانی دەبێت، تاوەکو ڕوونی بکەینەوە سوپای ئەمەریکا نابێت وەکو بریکارێکی هێز دژی ئەو هاوڵاتیە ئەمەریکیانە بەکاربهێندرێت کە بەپێی یاسا گردبوونەتەوە. "

یاسای دەسەڵاتەکانی بەرگری نیشتیمانی یاسایەکی گرنگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەپێی ئەو یاسایە پارە خەرج دەکات، بۆ نمونە لەم ساڵدا 730 بلیۆن دۆلاری بەپێی ئەو یاسایە خەرج کردووە، هەموو ساڵێکیش ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت، یاساکە هەمووشتێک لە خۆدەگرێت، لە موچەی سەربازەکانەوە تاوەکو کڕینی فڕۆکە جەنگیەکانیش.

بەهۆی ئەوەی ئەم یاسایە هەموو ساڵێک دەبێت پەسەند بکرێت، ئەندامانی کۆنگرێس ئەم یاسایە بۆ کۆمەڵێک بابەتی دیکەی سیاسیی بەکاردەهێنن، بۆ نموونە لەم ساڵدا واپێشبینی دەکرێت یاساکە بۆ قەیرانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مامەڵەکردن لەگەڵ چیندا بەکاربهێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG