ڕێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
لەم کاتەی ڕۆژی جیهانی ژنان بەرزڕادەگرین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وابەستەیـیە نەگۆڕکەی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی جیاوازیـیەکانی نێوان ژنان و پـیاوان لە ناوەوە و دەرەوە، وە جارێکی دیکە چەختدەکاتەوە لەسەر گرنگی بەهێزکردنی پـێگەی ژنان و کچان لەسەر ئاستی جیهاندا. بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ بەهێزکردنی توانا ئابوریـیەکانی ژنان و کچان لە ڕێگەی ئەو بەرنامە و سیاسەتانەی گیانی دەستپـێشخەری بەهێزدەکەن و لەگەڵیدا بواری دەستگەیشتنی یەکسانانە بە کۆمەکی دارایی و کاری شایستە و ڕاهێنان و هەلی فێربوون فراوانتردەکەین.
کاردەکەین لەسەر سەرکەوتنی ئەو ژنانەی ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی زیاتر لە بوارەکانی داکۆکی و بەدیهێنانی ئاشتی و حوکمڕانی ژیرانە و کارکردن بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکان لەم بوارانەدا. دەخوازین کچانی زیاتر ببینین چاویان لە ڕێبێت بۆ گەیشتن بە تەواوی تواناکانیان و لەگەڵیدا سەلامەتی ژیان و تەندروستی و ژینگەی پارێزراویان بۆ مسۆگەربکرێت. پاشان، هەوڵ دەدەین دەرفتەکان بڕەخسێنین تاوەکو کچان بتوانن ئەو خوێندن و ئازادیـیانە بەدەستبهێنن کە شایستەیـین.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وابەستەیە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتەکان و هەروەها هاوبەشەکان لە سەرانسەری جیهان بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی وڵاتان لە هەموو شوێنێک ڕێگە بە ژنان بدەن گەشەبکەن و بە مافەکانیان ئاشنا ببن. لە سەدەی 21 ، مەعقول نیـیە لە هەموو سێ ژن یەک ژنیان دووچاری جۆرێک لە جۆرەکانی دەستدرێژی جەستەیی یان سێکسی لە ژیانیدا بووبێتەوە. هێشتا لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکان ژنان لە مافەکانیان وەکو مرۆڤ بێبەشکراون، جیاوازی ڕەگەزی هەیە، کۆسپ دەخرێنە بەردەم تواناکانی ژنان لە بەشداریکردن لە گەشەی ئابوری، یان ئەو یاسایانە جێبەجێ ناکرێن کە ژنان دەپارێزێت. لە ڕەوشێکی وەهادا تاکەکان، خێزانەکان و کۆمەڵگەکان بێ بەش دەکرێن لەو خزمەتانەی ژنانی بە توانا دەتوانن دابینی بکەن. هەر وەک چۆن ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەختی لەسەر کردووەتەوە، ئەو حکومەتانەی شکست دەهێنن لە مامەڵەکردنی یەکسانانەی ژنان، ئەوا ڕێگە بە کۆمەڵگەکانیان نادەن بگەنە تەواوی تواناکانیان.
لە سۆنگەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، ئێمە پـێزانینمان هەیە بۆ ڕێبەرایەتی و خزمەت و ئازایەتی ئەو ژنانەی لە ڕابردوودا و بۆ چەندان نەوە قوربانیان داوە لە پـێناو ئەوەی جیهان زیاتر پارێزراو و گەشەدار و ئاشتیانە ببێت. بەڵێن دەدەین ئەو بەرەوپـێشچوونە بەردەوام ببێت.