Accessibility links

تیک تۆک لە ئەمەریکا کارناکات، کۆمپانیاکە ئومێدی بە ترامپە


درەنگانێکی ڕۆژی شەممە تیکتۆک لە ئەمەریکا لە کارکردن وەستا و لە ئاپ ستۆر و گووگڵیشدا دیار نەما، ئەمەش پێش ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمەریکا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمەریکادا هەیە.

تیکتۆک لە ئاگادارکردنەوەیەکیدا بۆ بەکارهێنەرانی ئاپەکە وتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتوویەتی کە " ڕەنگە " 90 ڕۆژ یاسای قەدەغەکردنەکە دوابخات کاتێک ڕۆژی دووشەممە وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت.

لە ئاگادارکردنەوەکەی تیکتۆکدا هاتووە دەڵێت " لە کاتێکدا کە یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆک بە داخەوە لە ئەمەریکا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێوە لە ئێستادا ناتوانن تیکتۆک بەکاربهێنن. ئومێدمان بەوەیە کە سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ ئێمەدا کاردەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ زیندووکردنەوەی تیکتۆک."

تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت، داخستنی تیکتۆکی کۆمپانیای بایتدانسی چینی لە ئەمەریکا پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی بەرفراوانی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین و سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا و بازاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ملیۆنان ئەمەریکایی کە لە ڕووی ئابووریی و کلتورییەوە پشتییان بە ئاپەکە بەستووە.

ئەمەریکا هەرگیز سەکۆیەکی گەورەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغە نەکردووە. یاساکە بە زۆرینەی دەنگ لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا پەسەند کرا و ئەوەش دەسەڵاتێکی گەورە دەدات بە بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری ترامپ بۆ قەدەغەکردن یاخود هەوڵدان بۆ فرۆشتنی ئاپە چینییەکانی دیکە.

درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ئاپەکانی دیکەی کۆمپانیای بایتدانس، بە کاپکەت و لیمۆن8یشەوە، لە ئەمەریکا کارییان نەکردووە و لە ئاپ ستۆرەکانی ئەمەریکادا بەردەست نەبوون.

ترامپ بە ئێن بی سی وت " درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ 90 ڕۆژ شتێکە کە ڕەنگە بکرێت، چونکە ئەوە گونجاوە. ئەگەر بڕیار بدەم ئەوە بکەم ئەوا لەوانەیە ڕۆژی دووشەممە ڕایبگەیەنم."

بەپێی یاسایەک کە ساڵی ڕابردوو پەسەند کرا و ڕۆژی هەینی بە زۆرینەی دەنگ لە دادگای باڵای ئەمەریکادا پەسەند کرا، تیکتۆک تاوەکو ڕۆژی یەکشەممەی لەبەردەستدا بوو تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا ڕابگرێت، یاخود کارەکانی لە ئەمەریکا ڕابگرێت تاوەکو نیگەرانییەکانی ئەمەریکا چارەسەر دەکرێن، لەوانەش مەترسی تیکتۆک لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا.

ڕۆژی شەممە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا دەبێت بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتر مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بکات.

وتەبێژی کۆشکی سپی کارین ژان پییەر لە بەیاننامەیەکدا وتی " هیچ هۆکارێک نابینین بۆ تیکتۆک یاخود کۆمپانیاکانی دیکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێش ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ دەستبەکاربێت ڕێوشوێن بگرنەبەر."

باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕۆژی هەینی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی تیکتۆک. وتەبێژی باڵیۆزخانەکە وتی " چین ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG