بەهۆی هەڕەشەکانەوە بۆ سوتاندنی قورئان لە سوید لە کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی وڵاتەکە پشێوی کەوتەوە، لە شاری نۆرشۆپینگ بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرانەوە سێ کەس بەهۆی فیشەکی پۆلیسەوە برینداربوون.
لە هەندێک شوێن خۆپیشاندەران پەلاماری پۆلیسیاندا، ئەمەش بەر لە دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی سوید. سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی " وادەردەکەوێت سێ کەس بەهۆی گەڕانەوەی فیشەکەوە بریندار بووبێتن و لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن. سەرجەم سێ بریندارەکە بە گومانی ئەنجامدانی تاوان دەستگیرکراون." وتیشی هیچ کام لە برینەکانیان سەخت نین.
پۆلیس وتی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بارودۆخەکەی نۆرشۆپینگ ئارام بووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکدادانێکی قورس لەنێوان پۆلیس و خۆپشاندەراندا ڕوویداوە و چەند پۆلیسێک بریندار بوون و کۆمەڵێک ئوتومبێلێش سوتێندراون.
ڕۆژی پێنجشەممە توندوتیژییەکان لە سوید دەستیان پێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ڕابەری حیزبی هاڕد لاینی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی دانیماڕک ڕاسموس پالودان کە دژی ئیسلامن خۆپیشاندانێکی ڕێکخست، پێشتر مۆڵەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لە سوید وەرگرتووە و هەڕەشەی سوتاندنی قورئانییان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز