پـۆلیس لە شاری ثاوزنت ئۆکسی باشوری ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت کەسێک بە چەکەوە چووەتە ناو باڕێک و تەقەی کردووە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 12 کەس کوژراون کە یەکێکیان پـۆلیس بووە.
گەواهیدەران دەڵێن دەوروبەری کاژمێر 11:20 ی شەوی چوارشەممە کەسێک کە پاڵتۆیەکی بارانی ڕەنگ ڕەشی لەبەردابووە، خۆی کردووە بە باڕی بۆردەرلاین و بەر لەوەی بە چەکەکەی تەقە لە خەڵکەکە بکات چەند بۆمبێکی دوکەڵی تەقاندووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە کاربەدەستانی پـۆلیس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند هێرشبەرەکەش کوژراوە، بەڵام هێشتا نازانن ئایە بە تەقەی پـۆلیس کوژراوە یان خۆی خۆی کوشتووە.
گوتیشیان هێشتا ناسنامەی هێرشبەرەکەیان بۆ ئاشکرا نەبووە، وە نازانن ئایە هێرشەکە پەیوەندی بە تێرۆرەوە هەیە یان نا و ئایە کەسی دیکەی لەگەڵدا بووە یارمەتی دابێت.
هەروەها باسیان لەوە کرد نزیکەی 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
دەڵێن باڕەکە یەکێکە لە شوێنە میللیـیەکانی شاری ثاوزنت ئۆکس کە زیاتر خوێندکارانی زانکۆ ڕووی لێدەکەن. خوێندکارێک کە لە کاتی ڕووداوەکە لەوێ بووە، بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوتووە هێرشبەرەکە چەکێکی پـێبووە لولەکەی کورتبووە و مەخزەنەکەی لە نێوان 10 بۆ 15 فیشەکی دەخوارد. گەواهیدەران دەڵێن نزیکەی 30 گوللەی تەقاندبوو.