Accessibility links

فەرمانڕەوای ویلایەتی میشیگن دەڵێت کۆماریـیەکان کۆسپ لە بەردەم کاری دیموکراتەکان دروستدەکەن


فەرمانڕەوای ویلایەتی میشیگن وەک ئەندامێکی دیموکرات وتارێکی پـێشکەشکرد بۆ وەڵامدانەوەی وتارەکەی سەرۆک ترامپ و تیایدا ڕەخنەی لە کۆماریـیەکان گرت.

شەوی سێشەممە پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ تەواوبوو لە پـێشکەشکردنی وتارەکەی، خانم گرێچن ویتمەر لە ئامادەیی ئیست لانسینگ لە شاری لانسینگی میشیگن گوتی ئەو لە قوتابخانەی هەردوو کچەکەیەتی شێری و سیدنی. سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گوتی لەگەڵ دایکان و باوکان و مامۆستایان و هەروەها لەگەڵ خوێندکارەکانیشە.

خانم ویتمەر گوتی ئەو نایەوێت وەڵامی قسەکانی سەرۆک ترامپ بداتەوە، بەڵام لە بری ئەوە دەیەوێت قسە لەسەر ئەو کارانە بکات کە دیموکراتەکان ئەنجامیان داوە. داواشی لە خەڵکی کرد چاودێری کردەوەکانی کەسێک بکەن بۆ ئەوەی ڕاستیـیەکان بزانن نەک تەنیا گوێ لە قسەکانی بگرن.

گوتی دیموکراتەکان لە سەرانسەری وڵاتەکە پـرد بنیاددەنێن و ڕێگە و بانەکان چاک دەکەن و هەوڵدەدەن تۆڕەکانی ئنتەرنێت فراوانتربکەن و ئاوی خواردنەوە باشتر خاوێن بکەنەوە.

لە بەشێکی وتارەکەی، کۆماریـیەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی کۆسپ دەخەنە بەردەم دیموکراتەکان لە کۆنگرێس کاتێک پـێشنیارێک پـێشکەش دەکەن، گوتی سەرۆک ترامپ و کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی سینات بلۆکی دەکەن.

سەبارەت بەوەی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئابوری وڵاتەکە باشبووە و دۆخی بازاڕی بۆرسە زۆر باشە. خانم ویتمەر گوتی گرنگ نیـیە سەرۆک چی لەسەر بۆرسە دەڵێت، بەڵکو ئەوەی گرنگە ملیۆنان کەس هەن پارەیان نیـیە بەشی هەتا کۆتایی مانگەکەیان بکات بەهۆی پـێدانی پارەی داودەرمانەکانیان و دانەوەی ئەو پارانەی هاتووەتە سەریان لەسەر خوێندنەکانیان.

ڕەخنەشی گرت لە شێوازی نووسینی سەر تویتەر و گوتی سووکایەتی پێکردن و گاڵتە پـێکردن لەسەر تویتەر هیچ پردێکی پەیوەندی دروست ناوکات، بەڵکو نایهێڵێت.

XS
SM
MD
LG