Accessibility links

ڕابەری باڵای تاڵیبان سەردانێکی دەگمەن بۆ کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ئەنجام دەدات


ماڵپەڕی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بڵاویکردەوە ڕابەری باڵای تاڵیبان سەردانێکی دەگمەنی بۆ کابوڵی پایتەخت ئەنجام داوە، شوێنە گۆشەگیرەکەی خۆی لە قەندەهار جێهێشتووە تاوەکو لە کابوڵ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تاڵیباندا کۆببێتەوە.

سەردانەکە لە کاتێکدایە لافاوەکان لە وڵاتەکەدا سەدان کەسییان کوشتووە و شەڕ و پێکدادانی بەربچووک لە نێوان جووتیارەکان و یەکەکانی دژە ماددەی هۆشبەری تاڵیباندا ڕوویانداوە، ئەو یەکانەی تاڵیبان ئەرکێکییان پێسپێردراوە بۆ لە ناوبردنی کێڵگەکانی چاندنی جۆرە ڕووەکێک کە ماددەی ئەفیۆنی لێدروست دەکرێت.

ماڵپەڕی تاڵیبان ئەل ئیماڕە وتی ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتووڵا ئاخوندزادە ڕۆژی پێنجشەممە لە وەزارەتی ناوخۆ وتارێکی لەبەردەم 35 پارێزگادا پێشکەش کردووە.

ماڵپەڕەکە ڕۆژی هەینی وتی ئاخوندزادە جەختی لە " یەکگرتوویی و سازان " کردووەتەوە.

وتیشی " ملکەچی و گوێڕایەڵی وەکو بەرپرسیارێتییەکی پیرۆز تیشکی خراوەتە سەر." وتیشی جێبەجێکردنی یاسای شەریعە و بنچینەکانی ئیسلام " دەبێت لە پێش بەرژەوەندیی تایبەتدا دابندرێن."

ئاماژەشی بەوەدا ئاخوندزادە لە وتارەکەیدا ڕوونیشی کردووەتەوە کە دەبێت خۆیان بە دووربگرن لە دەستنیشانکردنی بەرپرسان لەسەر بنەمای " خۆشەویستی و پەیوەندیی تایبەت."

ئاخوندزادە کە تەنها یەک وێنەی هەیە بڵاوکرابێتەوە، بە دەگمەن دەردەکەوێت، لە شوێنێکی نهێنییەوە لە شاری قەندەهاری باشووری ئەفغانستانەوە فەرمانڕەوایی دەکات.

بەڵام کابینەکەی لە کابوڵی پایتەختە، لەوێوە بڕیارەکان جێبەجێ دەکەن.

دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت ڕەنگە مەبەست لە سەردانەکە " سەپاندنی ڕێکخراویی و یەکگرتوویی ناوخۆیی " بووبێت، وتیشی ڕەنگە بەهۆی پشێوییەکانی باداخشانی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانیشەوە بووبێت.

شایەتحاڵان دەڵێن هێزەکانی تاڵیبان تەقەیان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو گوندنشینانەی کە دژی لە ناوبردنی کێڵگەکانی چاندنی ڕووەکی ئەفیۆن ناڕەزاییان دەربڕیوە، چاندنی ئەو جۆرە ڕووەکە کە قازانجێکی زۆری هەیە لە مانگی چواری ساڵی 2022 ەوە لەلایەن ئاخوندزادەوە قەدەغەکرا.

بەرپرسێکی تاڵیبان لەو کاتەدا وتی چەندین کەس لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون.

بەرپرسانی ئەفغانستان ناچار بوون خۆپیشاندانەکانی کۆچەرییە نێشتەجێیەکان لە پارێزگای نەنگەرهار سەرکوت بکەن و ڕووبەڕووی هێرشی کوشندە و بەردەوامی ڕێکخراوی داعش ببنەوە، بە تایبەتی لە کابوڵ.

دیبلۆماتکارەکە وتی " لە هەر کوێیەک کەلێن و ناکۆکی ببینیت، ئەو کاتە قەندەهارت هەیە دێتە پێشەوە و هەمووان بە بیر دەهێنێتەوە و ئەو ' یەکگرتووییەش ' دەسەپێنێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG