Accessibility links

ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کابوڵ


چەکدارانی تاڵیبان لە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستاندا
چەکدارانی تاڵیبان لە ناو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستاندا

ڕۆژی یەکشەممە چەکدارانی تاڵیبان چوونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانەوە، ئەمەش دوای ڕووخانی حکومەتی ئەو وڵاتە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وڵاتەکەی جێهێشت و ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بوو بۆ کۆتایی هاتنی هەوڵی 20 ساڵی ئەمەریکا بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەفغانستان.

وتەبێژی تاڵیبان سوهەیل شاهین بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت چەکدارانی تاڵیبان بە چەکی قورسەوە چوونەتە ناو کابوڵەوە و هەندێکی دیکەیان چوونەتە ناو کۆشکی چۆڵکراوی سەرۆکایەتی ئەفغانستانەوە، هەروەها ئاماژەشی بەوەدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تاڵیبان گفتوگۆ ئەنجام دەدات بۆ پێکهێنانی " حکومەتێکی کراوە و نوێی ئیسلامی."

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسێکی تاڵیبان وتی تاڵیبان دەیەوێت لە کۆشکی سەرۆکایەتیەوە گەڕانەوەی ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستان ڕابگەیەنێت، کە ئەوەش ناوی فەڕمی وڵاتەکە بوو لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بەرلەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمەریکا کە لەلایەن قاعیدەوە داڕێژرابوو، تاڵیبان لەسەر دەسەڵات دووربخەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە کابوڵ لەژێر ترس و دڵەڕاوکێدا بوو کاتێک فڕۆکەکان بەدرێژایی ڕۆژەکە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە کابوڵ دەگواستەوە، دوکەڵ لەنزیک باڵیۆزخانەکە بەرزببۆوە بەهۆی سوتاندنی بەڵگەنامەکان لەلایەن کارمەندانی باڵیۆزخانەکەوە، ئاڵای ئەمەریکاش نزمکرایەوە. کۆمەڵێک باڵیۆزخانەی دیکەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەکارییان کرد بۆ گواستنەوەی کارمەندەکانیان.

هەروەها لە ترسی ئەوەی تاڵیبان هەمان حوکمی توندڕەویی بسەپێنێتەوە، بەتایبەتی نەهێشتنی مافەکانی ئافرەتان، هاوڵاتیانی ئەفغانی دەستیان کرد بە جێهێشتنی وڵاتەکە، ئەوانەشی کە پێشتر لە ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستانەوە هەڵهاتبوون بۆ کابوڵ تاوەکو پارێزراو بن، لە پارک و شوێنە کراوەکانی سەرانسەری شارەکەدا مانەوە.

سەرەڕای ئەوەی تاڵیبان بەڵێنیداوە پڕۆسەی وەرگرتنی دەسەڵات ئاشتیانە بێت، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کارەکانی ڕاگرت و هاوڵاتیانی ئاگادارکردەوە شوێنەکانیان جێنەهێڵن و هەوڵ نەدەن بێن بۆ فڕۆکەخانە.

بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا وتی بەهۆی تەقەکردنێکەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، سەرجەم گەشتەکان ڕاگیراون، تەنها گەشتە سەربازییەکان بۆ گواستنەوەی کارمەندەکان بەردەوامن، بەڵام داخستنی گەشتە ئاسمانیەکانی دیکە بووە هۆی گرتنی دوایین ڕێگە لەبەردەم ئەفغانیەکاندا بۆ هەڵهاتن لە وڵاتەکە.

دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەکدارانی تاڵیبان گەمارۆی کابوڵیاندا، سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی وڵاتەکەی جێهێشت و ئەوەش کاردانەوەی بەرپرسانی باڵای حکومەتەکەی لێکەوتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتیمانی ئەفغانستان عەبدوڵا عەبدوڵا کە هەمیشە ڕکابەرایەتی ئەشرەف غەنی کردووە وتی " سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان ئەفغانستانی جێهێشت، وڵاتەکەی لەم کاتە سەختەدا جێهێشت، خوا حەقی لێبسەنێتەوە."

لەلایەکی دیکەوە وەزیری کاربەڕێکەری بەرگری ئەفغانستان بیسمیلا خان محەمەدی ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەشرەف غەنی کرد و وتی " لە پشتەوە دەستیان بەستینەوە و وڵاتەکەیان فرۆشت، نەفرەت لە غەنی و چەتەکانی."

ڕووخانی کابوڵ دوایین بەشی درێژترین جەنگی ئەمەریکایە کە دوابەدوای هێرشە تیرۆریستیەکانی 11 ی سێپتێمبەری ساڵی 2001 دەستیپێکرد و تیایدا هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا توانییان تاڵیبان لەسەر دەسەڵات لاببەن.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG