Accessibility links

تاڵیبان ئامادەکاری دەکات بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێ


ڕابەرانی تاڵیبان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێ لەکاتێکدا ئابووری وڵاتەکە چووەتە سەر لێواری ڕووخان، ئەمەش زیاتر لە دوو هەفتە دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان کابوڵیان کۆنتڕۆڵ کردەوە.

بەرپرسێکی تاڵیبان ئەحمەدوڵا موتەقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وتی مەراسیمی ئامادەکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێ لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە کابوڵ بەڕێوەچووە.

شەرعیەتی حکومەتێکی نوێ لە چاوی بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان و وەبەرهێنەرەکانەوە گرنگە بۆ ئابووری وڵاتەکە، لەکاتێکدا ئەفغانستان ڕووبەڕووی وشکە ساڵی و دەرەنجامی جەنگی ناو وڵاتەکە بۆتەوە کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 240,000 ئەفغانی.

تاڵیبان بەڵێنیداوە ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ بیانیەکان و ئەو ئەفغانیانە بکاتەوە کە هێشتا لە وڵاتەکەدا ماون، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا فڕۆکەخانەی کابوڵ بەداخراویی ماوەتەوە، زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەفغانی هەوڵیاندا لەڕێی سنوورەکانەوە هەڵبێن بۆ وڵاتانی دراوسێ.

مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی تاڵیبان بە ڕۆیتەرزی وت واپێشبینی دەکرێت ڕابەری باڵای تاڵیبان هەیبەتوڵا ئاخوندزادە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەنجومەنی نوێی فەرمانڕەوادا هەبێت، سەرۆکیش لەژێر دەسەڵاتی ئەودا دەبێت.

ڕابەری باڵای تاڵیبان سێ جێگری دەبێت، مەولەڤی یەعقوبی کوڕی دامەزرێنەری تاڵیبان مەلا عومەر، سیراجەدین حەقانی سەرکردەی تۆڕی حەقانی، عەبدولغەنی بارادەر، کە یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەرانی تاڵیبان.

هاوکات ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشیارییانداوە لەسەر ڕوودانی کارەسات لەکاتیکدا وشکە ساڵی و دەرەنجامەکانی جەنگ هەزاران کەسیان ناچار کردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن.

ئەفغانستان پێویستی بە پارەیە، تاڵیبانیش پێناچێت بە ئاسانی دەستیان بگات بەو 10 ملیار دۆلارەی کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئەفغانستانەوە لە دەرەوە هەڵگیراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG