تاڵیبان ڕایگەیاند سەربازێکی ئەمەریکیان کوشتووە و وێنەیەکی جانتا و ناسنامەی سەربازە ئەمەریکییەکەیان بڵاوکردۆتەوە تاوەکو بیسەلمێنن کە بە ڕاستی کوشتوویانە.
سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی یەکێک لە سەربازەکانی " لە شەڕدا " کوژراوە بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا و ناوی سەربازەکەشی ئاشکرا نەکرد.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی چەکدارانی تاڵیبان لە تەقینەوەیەکدا لە هەرێمی کوندوز لە باکووری ئەفغانستان سەربازێکی ئەمەریکیان کوشتووە.
وتیشی " چەکدارەکانمان یەکێک لە سەربازانی ئەمەریکایان کوشتووە و سەربازێکی هێزە تایبەتیەکانی ئەفغانستانیشیان بریندارکردووە."
نزیکەی 20 هەزار سەربازی بیانی لە ئەفغانستاندا هەن کە زۆربەیان ئەمەریکین و لە چوارچێوەی ئەرکێکی ناتۆدان بۆ مەشق پێکردن و یارمەتیدانی هێزەکانی ئەفغانستان. هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا ئەرکی دژ بە تیرۆر ئەنجام دەدەن و گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەکەنە ئامانج.
لە ساڵی 2019 دا زیاتر لە 12 سەربازی بیانی لە ئەفغانستاندا کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز