چەکدارانی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەی کابوڵیان کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەکە کشانەوە.
وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید لە فڕۆکەخانەی کابوڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئەمە ڕۆژ و ساتێکی مێژووییە. ئێمە شانازی بەم ساتانەوە دەکەین، لەوەدا کە وڵاتەکەمان لەدەست هێزێکی گەورە ڕزگارکردووە."
جەنگە درێژخایەنەکەی ئەمەریکا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکی و 240,000 ئەفغانی، هەروەها نزیکەی 2 تریلیۆن دۆلاریش بۆ ئەو جەنگە خەرج کراوە.
هەزاران ئەفغانی وڵاتەکەیان جێهێشتووە، ئەوەش بەهۆی ترسەکانیان لە سەرکوتکارییەکانی تاڵیبان. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 123,000 هاوڵاتیان لە کابوڵ گواستەوە، بەڵآم هێشتا دەیان هەزاران لەو ئەفغانیانەی یارمەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایان داوە لە وڵاتەکەدا جێماون.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی کەمتر لە 200 ئەمەریکی هێشتا لە ئەفغانستان ماون و نزیکەی 100 کەسیان دەیانویست وڵاتەکە جێبهێڵن بەڵام نەیانتوانی بگەنە فڕۆکەخانەی کابوڵ.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ پابەندبوون بە وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاوە، وتی جیهان تاڵیبان بە بەرپرس دادەنێت لەوەدا ڕێڕەوێکی پارێزراو تەرخان بکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن.
بایدن وتی " ئێستا بوونی 20 ساڵەی سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان کۆتایی هات." هەروەها سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکە مەترسیدارەکەیان لە گواستنەوەی هاوڵاتیاندا. بایدن بەنیازیشە دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە وتارێک پێشکەش بکات.
لەلایەکی دیکەوە بلینکن وتی ئەمەریکا ئامادە بووە کار لەگەڵ حکومەتی نوێی تاڵیباندا بکات ئەگەر تاڵیبان ڕکابەرەکانی لە وڵاتەکەدا سەرکوت نەکردایە.
وتی " تاڵیبان هەوڵی پشتیوانی و دان پێدانانی نێودەوڵەتی دەکات. ئێمە پێمان وایە دان پێدانان و پشتیوانی دەبێت بەدەست بهێندرێن."
هەروەها موجاهید ئاماژەی بەوەدا سەرەڕای بیست ساڵ لە دوژمنایەتی، تاڵیبان ئامادەیە پەیوەندییەکی دیبلۆماتی لەگەڵ ئەمەریکادا دابمەرێنێت.
وتی " ئیماڕاتی ئیسلامی دەیەوێت پەیوەندییەکی دیبلۆماتی باشی لەگەڵ هەموو جیهاندا هەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز