Accessibility links

تاڵیبان دەیەمین پایتەخت لە ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ دەکاتەوە


ڕۆژی پێنجشەممە چەکدارانی تاڵیبان پایتەختی هەرێمێکی دیکەیان لە نزیک کابوڵ کۆنتڕۆڵ کردەوە، ئەمەش دەیەمین پایتەختە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا تاڵیبان دەستی بەسەرداگرتوونەتەوە.

چەکدارانی تاڵیبان ئاڵای خۆیان لە شاری گەزنە هەڵکرد کە دەکەوێتە 130 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای کابوڵەوە، دوو سەرچاوەی ناوخۆیی بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسیان وت شەڕ و پێکدادانەکان لە بنکەیەکی هەواڵگری و دامەزراوەیەکی سەربازی لە دەرەوەی شارەکە بەردەوام بوون.

تاڵیبان وێنە و ڤیدیۆی چەکدارەکانی بڵاوکردەوە لە شاری گەزنە، کە پایتەختی هەرێمێکە بە هەمان ناوەوە.

لەکاتێکدا هێشتا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر کابوڵی پایتەخت نیە، خێرایی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان پرسیار دروست دەکات لەسەر ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان دەتوانێت تا چەند کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکات کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتیدا ماون، لەکاتێکیشدا شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، پێدەچێت حکومەتی ئەفغانستان ناچار بێت بکشێتەوە و بەرگری لە کابوڵ و چەند شارێکی دیکە بکات.

نوێنەرێکی گەزنە بە ناوی محەمەد عارف ڕەحمانیەوە وتی شارەکە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی تاڵیبانەوە، ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمەکە ئامانوڵا کامرانی هەمان شتی بە ئەسۆشیەتد پرێس وت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا دوو بنکەکەی دەرەوەی شارەکە هێشتا لەژێر دەستی هێزەکانی حکومەتدان.

کامرانی وتی فەرمانڕەوای هەرێمی گەزنە و سەرۆکی پۆلیس لەگەڵ تاڵیباندا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دوای ئەوەی خۆیان بەدەستەوەدا هەڵبێن.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG