Accessibility links

بەرپرسانی تورکیا: تاڵیبان داوای لە تورکیا کردووە یارمەتی بدات لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ


دوو بەرپرسی تورکیا دەڵێن تاڵیبان داوای لە تورکیا کردووە لەڕووی تەکنیکیەوە یارمەتیان بدات لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵدا، بەڵام تاڵیبان جەختی لەوە کردۆتەوە دەبێت سەرجەم هێزەکانی تورکیا تاوەکو کۆتای مانگی هەشت لە ئەفغانستان بکشێنەوە.

بەرپرسێکیان وتی ئەم داوایەی تاڵیبان لە تورکیا بەو مەرجەی کە هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بکشێنەوە، ئەنقەرە دەخاتە بەردەم بڕیارێکی قورسەوە، ئایا داواکەی تاڵیبان بۆ ئەو کارە مەترسدارە پەسەند بکات یاخود نا.

زۆرینەی ئەو سەربازانەی تورکیا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە ئەفغانستان بوون موسوڵمان بوون، هێشتا سەدان سەربازی تورکی لە فڕۆکەخانەی کابوڵ ماونەتەوە، بەرپرسە تورکیەکان وتیان هێزەکان ئامادەن لە ماوەیەکی کورتدا بکشێنەوە.

بەڵام چەند مانگێکە حکومەتەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەڵێت دەتوانێت لە فڕۆکەخانەی کابوڵ بمێنێتەوە ئەگەر داوای لێبکرێت، دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تورکیا پێشنیاری یارمەتیدانی تاڵیبانی کرد لە فڕۆکەخانەکەدا لەڕووی ئاسایش و تەکنیکیەوە.

بەرپرسێکی باڵای تورکی وتی " تاڵیبان داوای یارمەتی تەکنیکی لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابوڵدا کردووە." وتیشی بەڵام تاڵیبان داوا دەکات سەرجەم هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان بکشێنەوە، ئەوەش هەر ئەرکێکی تورکیا لەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " دڵنیابوونەوە لە پارێزراوی کارمەندان بەبێ هێزە چەکدارەکانی تورکیا کارێکی مەترسیدارە."

وتی گفتوگۆکان لەگەڵ تاڵیبان لەو بارەیەوە بەردەوامن، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا تەواو بوون.

هێشتا ڕوون نیە تورکیا بەبێ هێزەکانی لەڕووی تەکنیکیەوە یارمەتی تاڵیبان دەدات یاخود نا.

بەرپرسێکی دیکەی تورکیا وتی کۆتا بڕیار پێدەچێت تاوەکو 31 ی مانگی هەشت بدرێت.

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی تاڵیبان کابوڵی کۆنتڕۆڵ کردەوە، تورکیا پێشوازی لە بەیاننامەکانی تاڵیبان کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا تورکیا ئامادەیە هەر کاتێک حکومەتێکی نوێ لە ئەفغانستان پێکهات، گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی " پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تورکیادا دەوێت، لەگەڵ حکومەتی تورکیا و خەڵکی موسوڵمانی تورکیادا. بەڵام لەبارەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە ئەفغانستان، ئێمە پێویستمان پێیان نیە لە وڵاتەکەماندا و هەر کە گواستنەوەکان تەواو بوون خۆمان ئاسایشی فڕۆکەخانەکە بەڕێوە دەبەین."

جێی ئاماژەیە تورکیا لە چوارچێوەی ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵی پێدرابوو، هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەشدار بووە لە هەوڵەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG