Accessibility links

تاڵیبان نامەیەکی کراوە بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنێرێت


FILE - An internally displaced woman holds a child at an displaced persons camp in Kabul, Afghanistan, Sept. 13, 2021.
FILE - An internally displaced woman holds a child at an displaced persons camp in Kabul, Afghanistan, Sept. 13, 2021.

وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان " نامەیەکی کراوەی " ڕەوانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد و تیایدا هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەمەریکا ئەو 9 ملیار دۆلارەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان نەداتەوە و کۆتایی بە سزا ئابوورییەکانی دیکەی سەر وڵاتەکە نەهێنێت ئەوا لێشاوی کۆچکردن لە ئەفغانستانەوە بەڕێوەیە.

وەزیری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی نوسیویەتی " سزاکان نەک تەنها بوونەتە هۆی تێکدانی بازرگانی و کارەکان بەڵکو یارمەتیە مرۆییەکانیشی تێکداوە کە ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی پشتی پێدەبەستن." ئۆفیسەکەی موتەقی لە کابوڵ نامەکەی بۆ چەند زمانێک وەرگێڕاوە و بڵاویکردۆتەوە.

موتەقی جەختی لەوە کردۆتەوە حکومەتەکەی تاڵیبان توانیویەتی جێگیری سیاسی و ئاسایش بۆ ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە.

وتی " لە ئێستادا گەورەترین کێشەی خەڵکەکەمان ئاسایشی داراییە و ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سڕکردنی پارەی خەڵکەکەمان لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە."

موتەقی وتیشی " ئێمە نیگەرانین لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێت، حکومەتی ئەفغانستان و خەڵکەکەی ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە و لێشاوی کۆچکردن لە ناوچەکە و جیهانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت."

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ئاماژەی بەوەدا لە مانگی هەشتەوە نزیکەی 300,000 ئەفغانی هەڵهاتوون بۆ ئێران و ڕۆژانە زیاتر لە 5000 ئەفغانی بەشێوەیەکی نایاسایی لە سنوورەکانەوە دەپەڕنەوە بۆ ئەو وڵاتە.

ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر لە 9 ملیار دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستانیان لە دەرەوە سڕکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا، نوێنەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککاوڵ پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پشتیوانی لە گەڕاندنەوەی پارەکانی ئەفغانستان دەکات کە لە ئەمەریکا سڕکراون یاخود نا.

مککاوڵ وتی " کاتێک کشاینەوە دەستبەرداری سەرجەم ئەو کاریگەرییانە بووین کە بەسەر تاڵیبانەوە هەمانبوو، کاتێک بنکەی ئاسمانی باگراممان بەدەستەوەدا ، کە توانای چاودێری هەواڵگریمان بوو لە ناوچەکەدا. تەنها کاریگەریی کە مابێتمان بەسەر تاڵیباندا ئەو پارەیەیە کە سڕمان کردووە. بۆیە نابێت بە ئاسانی ڕازی بین تاوەکو شتێکی گەورەمان لە تاڵیبانەوە دەست نەکەوێت."

بانکی جیهانی و سندوقی پارەی نێودەوڵەتیش پێدانی نزیکەی 1.2 ملیار دۆلارییان ڕاگرت کە وابڕیاربوو لەمساڵدا بیدەن بە ئەفغانستان.

موتەقی وتی " هیوادارین ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا بەجددی بیر لەم بابەتە بکەنەوە و بەرپرسانی ئەمەریکی دادپەروەرانە سەیری کێشەی خەڵکەکەمان بکەن کە بەهۆی سزاکان و ڕەفتارێکی نادادپەروەرانەی پارتیزانیەوە سەرییان هەڵداوە."

تاڵیبان کۆشش دەکات بۆ پێدانی موچەی پزیشکەکان و مامۆستا و کارمەندانی دیکەی حکومەت. سزا نێودەوڵەتیەکان بوونەتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکەش تاوەکو موچەی کارمەندەکانیان بدەن و ئەرکە مرۆییەکانیان لەو وڵاتەدا بهێڵنەوە.

بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا بەهۆی تاڵیبان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تیرۆرەوە ئەو پارەیەی حکومەتی ئەفغانستانی سڕکردووە، حکومەتەکەی تاڵیبان داوای لێکراوە سیستمێکی سیاسیی کراوە پەیڕەو بکات، کە تیایدا مافەکانی ئافرەتان و کەمینەکان پارێزراو بێت.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت جەنگ و وشکەساڵی مەترسی بۆ مردن لە برسای بۆ سەر زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان دروستکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG