Accessibility links

ڕابەری تاڵیبان فەرمان بە چەکدارەکانی دەکات سزای ئەندامانی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان نەدەن


ڕابەری باڵای تاڵیبان فەرمانی بە چەکدارانی بزووتنەوەکە کرد سزای ئەندامانی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان نەدەن لەسەر " تاوانەکانی " ڕابردوویان. ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەک کە تیایدا فەرماندەیەکی سوپای پێشووی ئەفغانستان لێیدەدرێت.

وتەبێژی تاڵیبان موحەمەد نایم فەرمانەکەی ڕاگەیاند، هەروەها داوای لە بەرپرسانی تاڵیبان کرد هانی ئەفغانیەکان بدەن وڵاتەکە جێنەهێڵن چونکە لە دەرەوە ڕێزیان لێناگیردرێت.

وتەبێژەکە لە زاری ڕابەری باڵای تاڵیبان مەلا هەیبەتوڵا ئاخونزادەوە بڵاویکردەوە " کارمەندانی ڕژێمەکەی پێشوو سزا مەدەن لەسەر ئەو تاوانانەی پێشووتر ئەنجامیان داون.

ڕابەری تاڵیبان کە ماوەی چەند ساڵێکە هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەتەوە، وتی دەبێت ڕێز فەرمانی لێبووردنی گشتی بگیردرێت کە لە مانگی هەشتدا دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان دەرکراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ تاڵیبانیان بە تۆمەتی کوشتنی دەیان ئەندامی هێزەکان و بەڕێوبەرایەتیەکەی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان تۆمەتبارکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە چەکدارێک بە زلە لە فەرماندەیەکی پێشووی سوپای ئەفغانستان دەدات.

ڕۆژی سێشەممە کۆمەڵێک ئافرەت لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دژی توندوتیژییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە حکومەتەکەی پێشووەوە هەبووە، بە پەرۆشەوەن وڵاتەکە جێبهێڵن، بەڵام ئاخونزادە وتی دەبێت بەرپرسانی تاڵیبان هانیان بدەن وڵاتەکە جێنەهێڵن.

وتەبێژەکەی تاڵیبان لە زاری ئاخونزادەوە بڵاویکردەوە " ئەفغانیەکان لە وڵاتانی دیکە ڕێزییان لێناگیردرێت، بۆیە هیچ ئەفغانیەک پێویست ناکات وڵاتەکە جێبهێڵێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG