Accessibility links

تاڵیبان داوا لە ئەفغانیەکان دەکات یەکگرتوو بن لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان کابوڵیش دەگرنەوە


خۆپیشاندانی ئەفغانیەکان دژی تاڵیبان، جەلالئاباد

تاڵیبان داوای لە ئەفغانیەکان کرد یەکگرتوو بن لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان دژی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە گەیشتە زۆرێک لە شارەکانی ئەفغانستان، بە کابوڵی پایتەختیشەوە.

شایەتحاڵێک وتی دوای ئەوەی چەکدارانی تاڵیبان تەقەیان لە گردبوونەوەیەک کردووە لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەسەدئاباد، کۆمەڵێک کەس کوژراون. شایەتحاڵێکی دیکە وتی لە گردبوونەوەیەکدا لە کابوڵ تەقە کراوە بەڵام وادیاربووە تاڵیبان تەقەی بە ئاسماندا کردبێت.

لە گرتە ڤیدیۆکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراونەتەوە پیاو و ئافرەتانی کابوڵ ئاڵای وڵاتەکەیان بەرز کردۆتەوە و دەڵێن " ئاڵاکەمان ناسنامەمانە."

میدیاکان ئاماژەیان بەوەدا لە هەندێک لە خۆپیشاندانەکانی دیکەدا لە شوێنەکانی دیکە، خەڵکەکە ئاڵای سپی تاڵیبانیان دڕاندووە.

هەندێک لە خۆپیشاندانەکان بچووک بوون، بەڵام خۆپیشاندانەکان و ئەوەش کە هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی هەوڵ دەدەن وڵاتەک جێبهێڵن، تیشک دەخاتە سەر ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی تاڵیبان دەبنەوە لە فەرمانڕەوایکردنی وڵاتەکەدا.

لە نوێژی هەینیدا تاڵیبان داوای لە خەڵکی ئەفغانستان کرد یەکگرتوو بن، هەروەها داوای لە ئیمامی مزگەوتەکان کرد خەڵکەکە ڕازی بکەن وڵاتەکە جێنەهێڵن.

لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی کابوڵەوە، تاڵیبان ڕوویەکی نوێی پیشانداوە، دەڵێن ئاشتیان دەوێت و تۆڵە لە دوژمنە کۆنەکان ناکەنەوە و ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان دەگرن، بەڵام لە چوارچێوەی یاسای ئیسلامیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG