Accessibility links

ڕابەرانی تاڵیبان داوای یارمەتی دەکەن لەکاتێکدا قەیرانی کۆچکردن لەو وڵاتە نزیک بۆتەوە


بەرپرسانی باڵای تاڵیبان داوای یارمەتی نێودەوڵەتیان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپتر بوونی قەیرانی ئابووری ئەفغانستان، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەگەری کەوتنەوەی لێشاوێکی گەورەی دیکەی کۆچبەران لە ئەفغانستان.

جێگری وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان شێر محەمەد عەباس ستانیکزای وتی ئەوە بەرپرسیارێتی وڵاتانی وەکو ئەمەریکایە کە ملیاران دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستانیان سڕکردووە، یارمەتی ئەفغانستان بدەن دووبارە دوای چەند دەیەیەک لە جەنگ هەستێتەوە .

لە کۆنفرانسێکدا کە نوێنەرانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی بوون، ستانیکزای وتی " کاریگەریی پارە سڕکراوەکان لەسەر خەڵکانی ئاسایی ئەفغانستانە نەک دەسەڵاتدارانی تاڵیبان."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پێدەچێت لەم زستانەدا ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی ڕووبەڕووی برسێتی ببنەوە ئەگەر بێتوو بەپەلە یارمەتیان نەدرێت، بەڵام یارمەتیە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان کۆسپیان کەوتۆتە بەردەم، ئەوەش بەهۆی ئەوەی وڵاتانی بەخشەر نایانەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا پەیوەندییان هەبێت، بەشێکی هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانیەکانیان سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان تێکەڵنەبوونیان بە سیاسەت.

ئەمەریکا ڕێگەیداوە پارەی کاشی تایبەتی ڕەوانەی ئەفغانستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەتی دەکاتەوە 9 ملیار دۆلارەکەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە یاخود سزاکانی سەر ژمارەیەک لە ڕابەرانی تاڵیبان لاببات.

ستانیکزای وت " ئەگەر بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەکە نەگۆڕێت، کۆچی زیاتر دەبێت."

ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی تاڵیبان ئەمیر خان موتەقی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەگەڵ نوێنەرانی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سووردا کۆبۆوە، ئەوەش بەر لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی ڕەوشی ئەفغانستانە.

موتەقی وتی تاڵیبان پێشوازی لە ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەکان کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە ڕێگەیان پێدەدرێت بەبێ هیچ بەربەستێک کارەکانیان ئەنجام بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG