Accessibility links

بەهۆی جەژنی ڕەمەزانەوە تاڵیبان ئاگربەست بۆ سێ ڕۆژ لە ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت


بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند بەهۆی جەژنی ڕەمەزانەوە چەکدارەکانی پابەندی ئاگربەست دەبن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، ئەم بڕیارەش دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت لە هێرشێکدا بۆ سەر خوێندنگایەکی کچان لە کابوڵ زیاتر لە 50 کەس کوژران و حکومەتی ئەفغانستان تاڵیبانی بە بەرپرس زانی لە هێرشەکە.

تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا وتی " جیهادییەکانی ئیمارەی ئیسلامی ڕێنماییان وەرگرتووە بۆ ڕاگرتنی سەرجەم هێرشەکانیان دژی دوژمن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا لە یەکەم ڕۆژوە بۆ سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان."

لە بەیاننامەکەدا کە ئاڕاستەی چەکدارەکانی کردووە بزوتنەوەی تاڵیبان دەڵێت " بەڵام ئەگەر دوژمن هەر دوژمنکارییەک یاخود هێرشێکی لەو چەند ڕۆژەدا کردە سەرتان ئەوا ئامادە بن و بەتوندی بەرگری لە خۆتان و خاکەکەتان بکەن و بیپارێزن."

ئەم بڕیارەی تاڵیبان لەکاتێکدایە حکومەتی ئەفغانستان تۆمەتباریکردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر خوێندنگایەکی کچان لە ڕۆژئاوای کابوڵ و بەهۆیەوە زیاتر لە 50 کەس کوژران، زۆرینەی کوژراوەکان خوێندکارانی خوێندنگاکە بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG