Accessibility links

تاڵیبان سەرکەوتنی لە پەنجشێر ڕاگەیاند


تاڵیبان سەرکەوتنی بەسەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا لە دۆڵی پەنجشێر ڕاگەیاند کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای کابوڵەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنەی چەکدارانی تاڵیبان بڵاوکراونەتەوە کە لەبەردەم دەرگای بنکەی فەرمانڕەوای پەنجشێردا دەردەکەون، ئەمەش دوای شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی بەرەی بەرگری نیشتیمانی ئەفغانستان کە لەلایەن سەرکردەی پەنجشێر ئەحمەد مەسعودەوە ڕابەرایەتی دەکرێن.

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید وتی " تەواوی هەرێمی پەنجشێر کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستان." وتیشی هەندێک لە چەکدارانی دوژمن لە شەڕ و پێکدادانەکاندا کوژراون و هەندێکی دیکەیان هەڵهاتوون.

وتی " بەم سەرکەوتنە و دوایین هەوڵەکان، وڵاتەکەمان لە گێژاوی جەنگ هاتە دەرەوە و هاوڵاتیانی سەرانسەری وڵاتەکە ژیانێکی خۆشیان دەبێت و لە ئاشتی و سەربەخۆی و ئازادیدا دەژین."

تاڵیبان هاوڵاتیانی پەنجشێریشی دڵنیا کردەوە لەوەی " هیچ جیاکارییەک بەرامبەرییان ئەنجام نادرێت."

موجاهید وتی " ئەوان برامانن و پێکەوە لەپێناو یەک ئامانجدا بۆ باشی وڵاتەکە کاردەکەین."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرەی بەرگری نیشتیمانی ئەفغانستان عەلی مەیسەم نازەری وتی ڕاگەیاندنەکەی تاڵیبان کە گوایە لە پەنجشێر سەرکەوتوون، ڕاست نیە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوام بوون لە شەڕ کردن.

نازەری وتی " هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرجەم شوێنە ستراتیژییەکانی سەرانسەری دۆڵەکەدا بوونیان هەیە و بەردەوامن لە شەڕ کردن."

لە ماوەی ڕابردوودا تاڵیبان ڕایگەیاند هێزەکانی چوونەتە ناو بازاراکی پایتەختی هەرێمەکەوە و دەستیان گرتووە بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG