سوپای چین دەڵێت ڕۆژی دووشەممە مەشقی سەربازی زیاترییان لە نزیک تایوان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا گروپێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوانییان کرد و لەگەڵ سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێندا کۆبوونەوە.
شاندە پێنج کەسییەکەی یاسادانەرانی ئەمەریکا کە لەلایەن سیناتۆر ئێد مارکییەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، ڕۆژی یەکشەممە لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا گەیشتنە تایوان، ئەمەش دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی دێت بۆ تایوان کە بووە هۆی ئەوەی چین کۆمەڵێک مەشقی سەربازی لە دەوروبەری تایوان ئەنجام بدات.
سەرکردایەتی سوپای ڕۆژهەڵاتی چین گوتی یەکەکانی سوپای چین بەرپرسن لە ناوچەکانی تەنیشت تایوان، هەروەها کۆمەڵێک ئەرکی ئێشکگری جۆراوجۆری ئامادەباشی لە دەریا و ئاسمانی دەوروبەری تایواندا ئەنجامداوە.
گوتیشی " مەشقەکان ڕێگرییەکی توندن لە بەردەوام بوونی تایوان و ئەمەریکا لە ئەنجامدانی فێڵی سیاسیی و ئەوەشی کە ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری تەنگەی تایوان دەخەنە مەترسییەوە."
وەزارەتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتی سەردانەکەی یاسادانەرانی ئەمەریکا سەروەری خاکی چینی پێشێل کردووە و " بە تەواوەتی ڕووی ڕاستەقینەی ئەمەریکا وەکو تێکدەر و تێکدەری ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان دەردەخات."
گوتیشی " سوپای چین بەردەوام دەبێت لە مەشقکردن و ئامادەکاریکردن بۆ جەنگ، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرگری لە سەروەری خاکی نیشتیمانەکەی دەکات و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەر جۆرە شێوازێکی ' سەربەخۆی تایوان ' و دەستوەردانی دەرەکی لەناودەبات."
سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی سوپای چین گوتی مەشقەکان لە نزیک دوورگەکانی پینگو ئەنجامدراون، کە دەکەونە تەنگەی تایوانەوە و بنکەیەکی ئاسمانی گەورەی لێیە.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن لە ئۆفیسەکەی خۆی بە یاسادانەرانی ئەمەریکای وت مەشقەکانی چین بەشێوەیەکی بەرچاو کارییان کردۆتەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە.
تسای گوتی " لەنزیکەوە لە پەیوەندیداین لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان تاوەکو لەنزیکەوە چاودێری ڕەوشە سەربازییەکە بکەین. لە هەمان کاتیشدا هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تایوان سوورە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و دۆخی هەنووکەیی تەنگەی تایوان."
مارکی بە تسای گوت " لەڕووی ئەخلاقییەوە ناچارین " هەمووشتێک بکەین بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی ناپێویست.
باڵیۆزخانە نافەڕمییەکەی ئەمەریکا لە تایوان گوتی شاندەکەی ئەمەریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تایوان جۆزێف وو و ئەندامانی پەرلەمانی تایوان بۆ کاروباری دەرەوە و لیژنەی بەرگریدا کۆبوونەتەوە.
ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە بەڵام بەپێی یاسا ناچارە چەک بدات بە تایوانی دیموکراتخواز تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
لە کاتێکدا یاسادانەرانی ئەمەریکا سەردانی تایوان دەکەن چین مەشقی سەربازی زیاتر لە نزیک تایوان ئەنجام دەدات
