وەزارەتی بەرگری تایوان دەڵێت هەشت فڕۆکەی جەنگی چین هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان تێپەڕاندووە و نزیک بوونەتەوە لە ناوچەی هێڵی دەریایی 24 میل کە 44 کم لە کەناری تایوانەوە دوورە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چین بەردەوام فڕۆکە جەنگییەکانی بە ئاسمانی دەوروبەری تایواندا بردووە. لە مانگی هەشتەوە بەردەوام فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوانییان بەزاندووە، هێڵەکە پێشتر وەکو بەربەستێکی نافەڕمی بووە کە سنووری چین و تایوانی لە یەکتر جیا کردۆتەوە.
چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت. حکومەتی تایوان دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت تەنها گەلی تایوان دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.
لە مانگی سێدا وەزیری بەرگری تایوان چیو کو چینگ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەم ساڵ دوورگەکە لە ئامادەباشیدا بووە بۆ "هاتنی لە ناکاوی" سوپای چین بۆ ناو ناوچەکانی نزیک لە خاکەکەیەوە.
وەزارەتی بەرگری تایوان ڕایگەیاند نزیک کاتژمێر 8 ی بەیانی ڕۆژی شەممە 19 فڕۆکەی جەنگی بینیوە کە فڕۆکەی شەڕکەری جەی – 10 و جەی – 16 ی تێدا بووە. هەشت فڕۆکەیان هێڵی ناوەندییان تێپەڕاندووە و نزیک بوونەتەوە لە هێڵی دەریایی 24 میل.
لە هەمان کاتیشدا وەزارەتەکە وتی پێنج کەشتی جەنگی چینی "ئەرکی ئێشکگری هاوبەشی ئامادەییان بۆ شەڕکردن" ئەنجام داوە.
وەزارەتەکە وتی تایوان فڕۆکە و کەشتییەکانی خۆی ڕەوانە کردووە و سیستمە موشەکییەکانی سەر وشکانی چالاک کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز