Accessibility links

سەرۆکی تایوان: وڵاتەکە هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نادات


لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا لەگەڵ چین، سەرۆکی تایوان تسای ئین وێن وتی تایوان هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نادات بەڵام هەرچیەک پێویست بێت دەیکات بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆییەکەی.

چین خۆی بە خاوەنی تایوان دەزانێت، لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی تایواندا بردووە.

زیاتر لە ساڵێکە چین چالاکییە سەربازییەکانی لەنزیک تایوان زیادکردووە، هەروەها فشارە سیاسیی و سەربازییەکانی لەسەر تایوان زیادکردووە تاوەکو ناچاری بکات فەرمانڕەوایی چین پەسەند بکات.

تسای لە کۆڕبەندێکی ئاسایشدا وتی " تایوان هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نادات. دەخوازێت پێکەوە لەگەڵ دراوسێکانیدا بە ئاشتی و سەقامگیری بژین. بەڵام تایوان هەرچیش پێویست بکات دەیکات بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی و دیموکراسیەکەی."

تسای وتی خۆشگوزەرانی لە ناوچەی دەریای هیندی و هێمن پێویستی بە ژینگەیەکی ئاشتی و سەقامگیر هەیە و دەرفەتێکی زۆریش هەن لە ناوچەکەدا.

وتی " بەڵام ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا گرژی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەوانەیە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئابووری جیهان دروست بکات."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا " تایوان پابەندە بە هاریکاریکردن لەگەڵ لایەنەکانی ناوچەکەدا تاوەکو ڕێگە لە ململانێی سەربازی بگرێت لە دەریای ڕۆژهەڵات و باشووری چین و تەنگەی تایوان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG