Accessibility links

تایوان: چین ڕێکەوتنی بێدەنگی لەسەر تەنگەی تایوان ' لە ناوبرد '


وەزیری بەرگری تایوان چیو کو چێنگ
وەزیری بەرگری تایوان چیو کو چێنگ

وەزیری بەرگری تایوان چیو کو چێنگ دەڵێت چین ڕێکەوتنی بێدەنگی لەسەر جووڵە سەربازییەکان لە تەنگەی تایوان لە ناوبرد، ئەوەش لەڕێی بەزاندنی هێڵی ناوەندی تەنگەکەوە کە هێڵێکی نافەڕمییە و سنووری ئاویی تایوان و چین لە یەکتر جیادەکاتەوە.

لە کاتێکدا دانینا بە کۆتایی هاتنی ڕێکەوتنی بێدەنگی لەسەر هێڵی ناوەندی تەنگەی تایوان، چیو بە پەرلەمانی تایوانی وت تایوان وەڵام دەداتەوە ئەگەر چین " هێڵی سوور " ببەزێنێت.

ئاماژەی بەوە نەدا هێڵی سووری تایوان چییە بەڵام وتی مەبەستی لەو فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چینیانەشە کە بەسەر خاکی تایواندا دەفڕن. بەڵام هێڵی ناوەندی بە " هێڵی سوور " ناونەبرد.

چین کە تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکەکەی دەزانێت، دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی لە مانگی هەشتدا بۆ تایوان، مەشقی سەربازیی بەرفراوانی لە نزیک تایوان ئەنجامدا و موشەکی بەسەر تایپێی پایتەختی تایوانیشدا هەڵدا.

لەو کاتەوە چین بەردەوام بووە لە چالاکییە سەربازییەکانی لە نزیک تایوان، بەڵام بە ئاستێکی کەمتر، بە شێوەیەکی ڕۆتینیش فڕۆکە سەربازییەکانی چین هێڵی ناوەند دەبەزێنن، کە چەندەها ساڵە وەکو بەربەستێکی نافەڕمی بووە لە نێوان چین و تایواندا.

چیو وتی " هێڵی ناوەند دەبوو ڕێکەوتنێکی بێدەنگی بێت بۆ هەمووان. ڕێکەوتنە بێدەنگییەکە لە ناوبرا."

وتیشی بەزاندنی هێڵی ناوەند ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی چین دەیەوێت شتەکان بە شێوەیەکی دیکە ئەنجام بدات کە تایوان دژایەتی دەکات.

وتی " دەیانەوێت شتێکی نوێ ئاسایی بکەنەوە بەڵام ئێمە ناگۆڕێین، بە پتەوی دەوەستین کاتێک ئەوان دێن، کۆڵ نادەین."

بۆ چەند ساڵێکی زۆر چین بە بێدەنگی دانیناوە بە هێڵی ناوەنددا کە نیشانە نەکراوە، بەڵام لە ساڵی 2020 دا وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی هێڵەکە " بوونی نیە." چین دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکە مافی خۆیانە لە دەوروبەری تایوان چالاکی ئەنجام بدەن چونکە تایوان خاکی چینە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG