تایوان دەڵێت 37 فڕۆکەی جەنگی چین بەسەر ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایواندا فڕیون و ئەوەش وایکردووە دوورگەکە بەرگرییە ئاسمانییەکانی چالاک بکات.
چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت و تایوان دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەتدەکاتەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چین بەردەوام چالاکی ئاسمانی لە نزیک دوورگەکەدا ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگری تایوان وتی کاتژمێر 5 ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 37 فڕۆکەی هێزی ئاسمانی چینی بینیوە هاتوونەتە ناو گۆشەی باشووری ڕۆژئاوای ناوچەی بەرگری ئاسمانی تایوانەوە، فڕۆکەکانیش بریتی بوون لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی جەی – 11 و جەی – 16 و فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەیچ – 6 .
ناوچەی بەرگری ئاسمانی ناوچەیەکی بەرفراوانە و تایوان ئەرکی ئێشکگری تیادا ئەنجام دەدات و چاودێری دەکات، ئەوەش لە پێناو ئەوەی هێزەکانی کاتی زیاترییان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی هەندێک لە فڕۆکە چینییەکان بەسەر ئاسمانی باشوری ڕۆژهەڵاتی تایواندا فڕیون و پەڕیونەتەوە بۆ ڕۆژئاوای پاسێفیک تاوەکو " مەشقێکی چاودێری ئاسمانی " ئەنجام بدەن.
وەزارەتەکە وتیشی تایوان فڕۆکە و کەشتییەکانی ڕەوانە کردووە و سیستمە موشەکییەکانی سەر وشکانی چالاک کردووە.
چین ڕۆژی چوارشەممە دووەم قۆناغی مەشقە ئاسمانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ ڕووسیادا بەسەر ڕۆژئاوای پاسێفیکدا تەواو کرد، ڕۆژێک پێش ئەوە فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی دەریای ژاپۆن و دەریای ڕۆژهەڵاتی چیندا فڕین، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژاپۆن نیگەرانی دەرببڕێت لەسەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز