وەزارەتی بەرگری تایوان دەڵێت ئەو باڵۆنەی کە لە دوورگەیەکی بچووکی تایوان لە نزیک کەناری چینەوە کەوتە خوارەوە بۆ مەبەستی چاودێریکردنی کەش و هەوا بەکارهاتووە و کەلوپەلی تۆمارکردنی دەنگ و وێنەی پێوە نەبووە.
تایوان کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووەوە نیگەرانە سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی چین لە نزیک تایوان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی چین بە بەردەوامی لە نزیک تایوانەوە دەفڕن.
ڕۆژی پێنجشەممە تایوان وتی هێزەکانیان لە دوورگەی دۆنجین کە بەشێکە لەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی تایواندان و دەکەوێتە دەرەوەی کەناری شاری فوژۆی چین، پاشماوەی باڵۆنێکییان دۆزیوەتەوە دوای ئەوەی چاودێری تەنێکییان کردووە لە ئاسمانەوە کەوتۆتە خوارەوە. وتیشی ئەگەری زۆرە باڵۆنەکە چینی بووبێت.
وەزارەتی دەرەوەی تایوان گوتی دوای شیکاریکردن و بەراوردکردنی پاشماوەکە، دەرکەوتووە کە باڵۆنەکە ئامێری تۆمارکردنی کەشناسی پێوە بووە " بەبێ ئەوەی ئامێری تۆمارکردنی دەنگ و وێنەی پێوە بووبێت."
وەزارەتەکە وتی باڵۆنەکە ئالیەرێک و ئامێری پلەی گەرما و شێی پێوە بووە، بۆردێکی گواستنەوەی داتاکان و پاترییەکی لیثیۆمی پێوە بووە.
وتیشی بەپێی ئەو ئامارانەی کۆکراونەتەوە، " باڵۆنەکان " لە دەوروبەری تەنگەی تایوان لەم ساڵانەی ڕابردوودا زۆربەی کاتەکان لە نێوان مانگەکانی دوانزە و دوودا بیندراون، ئەمەش لەگەڵ ئەو بایەی لەو ماوەیەدا هەیە دەگونجێت.
ڕۆژی سێشەممە وەزارەتەکە گوتی هیچ باڵۆنێکی چاودێری چینی بەسەر دوورگەکەوە نەبینیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین سەبارەت بە فڕینی باڵۆنێکی چینی و خستنە خوارەوەی لەلایەن ئەمەریکاوە زیادییان کردووە.
دۆنجین شوێنێکی ستراتیژییە و دەکەوێتە سەرووی تەنگەی تایوانەوە، دوورگەکە بە باشی پارێزراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز