Accessibility links

چین دەڵێت تایوان " گەڕیدەیە " و لەکۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی
وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی

دیبلۆماتکاری باڵای حکومەتی چین جەختی لە سووربوونی وڵاتەکەی کردەوە لەسەر ئەوەی تایوان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و وتی تایوان " گەڕیدەیە " و لەکۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان و پارچەیەک نیە لە شەتڕەنخ یاری پێبکرێت.

چین تایوانی دیموکرات بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر دورگەکە زیادکردووە تاوەکو ناچاری بکات فەرمانڕەوایی چین بەسەر دورگەکەدا پەسەند بکات. ئەمەش نیگەرانی لای تایوان و ئەمەریکاش دروست کردووە.

ڕاوێژکاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی لە پەکین وتی هۆکاری گرژییەکانی ئێستا ئەوەیە کە حکومەتی تایوان هەوڵ دەدات " پشت بە ئەمەریکا ببەستێت بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی " و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش هەوڵ دەدەن " تایوان بەکاربهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چین."

وانگ وتی " ئەم کارانەن کە بوونەتە هۆی گۆڕینی بارودۆخەکە و هەڕەشەی بۆ سەر ئاشتی لە تەنگەی تایواندا دروستکردووە، ڕێکەوتنی هاودەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بنەما سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی پێشێلکردووە."

بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە، چین " بە ناچاری ڕێوشوێنی پێچەوانەی گرتۆتەبەر بۆ لێدان لە لەخۆبایی ئەوانەی هەوڵی سەربەخۆیی فەڕمی تایوان دەدەن."

وتیشی " تایوان گەڕیدەیە و لەکۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ نیشتیمان، پارچەیەک نیە لە یاری شەتڕەنج لەلایەن ئەوانی دیکەوە یاری پێبکرێت، چین دەبێت یەکبگرێتەوە، یەکیشدەگرێتەوە."

جێی ئاماژەیە تایوان هەر جۆرە دەسەڵاتێکی چین بەسەر تایواندا ڕەت دەکاتەوە، هەروەها دژایەتی فشارەکانی چین دەکات، دەڵێت تەنها خەڵکی تایوان مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن و چۆک بۆ هەڕەشەکان دانادەن. لەلای خۆشیەوە ئەمەریکا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ تایوان دەربڕیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG