Accessibility links

سەرۆکی تایوان: تایوان و ئەوروپا دەبێت بەرگری لە دیموکراسی بکەن


سەرۆکی تایوان بە کۆمەڵێک یاسادانەری لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیای وت کە سەردانی تایوانیان کردبوو، تایوان و ئەوروپا دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ بەرگریکردن لە دژی زۆرداری و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست.

لیتوانیا ڕووبەڕووی فشاری چین بۆتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێگەیدا تایوان باڵیۆزخانەیەکی نافەڕمی لە وڵاتەکەی بکاتەوە.

چین کە تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت، فشارە سەربازیی و سیاسییەکانی بۆ سەر تایوان زیادکردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی تایوان ناچار بکات فەرمانڕەوایی چین بەسەر دورگەکەدا پەسەند بکات، هەروەها فشارەکانی بۆ ئەوەشە کە بەشداریی نێودەوڵەتی تایوان سنووردار بکات.

بەڵام سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن دەڵێت تایوان چۆک بۆ هەڕەشەکان دانادات و بەرگری لە ئازادی و دیموکراسیەکەی دەکات.

تسای لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی بە یاسادانەرانەکانی وت تایوان و وڵاتانی بەڵتیک ( کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت )، ئەزموونی هاوبەشیان هەیە لە دەربازبوون لە دەسەڵاتی زۆرداریی و شەڕکردن بۆ سەربەخۆیی.

وتی " ئەو دیموکراسیەی ئەمڕۆ هەمانە بە قورسی بەدەستمان هێناوە. ئەمە شتێکە هەموومان زۆر بەباشی لێی تێدەگەین."

وتیشی " ئێستا کە جیهان ڕووبەڕووی کێشەکانی فراوانبوونی دەسەڵاتی زۆرداریی و هەڕەشەی زانیاریی ناڕاست بووەتەوە، تایوان دەخوازێت ئەزموونەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاستدا لەگەڵ هاوڕێ ئەوروپییەکانیدا هاوبەش بکات. دەبێت بەها هاوبەشەکانمان بپارێزین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لە ئازادی و دیموکراسیەکەمان."

ڕابەری گروپی هاوڕێیەتی لەگەڵ تایوان لە پەرلەمانی لیتوانیا ماتاس مالدیکس بە تسای وت گروپەکەیان لە تایوانن تاوەکو هاوسۆزی خۆیان بۆ دورگەکە دەرببڕن.

وتی " سیاسەتی حکومەتی لیتوانیا بەرامبەر تایوان لەلایەن کۆمەڵگەکەمانەوە پشتیوانیەکی زۆری لێدەکرێت."

وتیشی پاراستنی ئازادی و یاسا نێودەوڵەتیەکان لە بەرژەوەندی تایوان و لیتوانیادایە. ئاماژەشی بەوەدا دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ هاریکاریی ئابووری و کلتوری لەگەڵ تایواندا.

جێی ئاماژەیە هیچ وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا پەیوەندیی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە.

لەلای خۆشیەوە چین سەرکۆنەی سەردانەکەی شاندەکەی لیتوانیای کرد بۆ تایوان و ئەمەریکاش پشتیوانی خۆی بۆ لیتوانیای هاوپەیمانی لە ناتۆدا دەربڕی.

جێی ئاماژەیە لیتوانیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بۆتەوە، لەوانەش فشارەکانی ڕوسیا و بێلاڕوس و کۆچبەرانی سەر سنوورەکەی لەگەڵ بێلاڕوسدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG