Accessibility links

هەسەدە هۆشداری دەدات دژی هێرشە نوێیەکەی تورکیا


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی
فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت دەڵێت هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ لە باکووری سوریا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی و هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش تێکدەدات.

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات " ڕێگە بە هیچ کارەساتێکی دیکە نەدەن و پشتیوانی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن."

مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند " ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە هەڕەشە نوێیەکانی تورکیا کە مەترسییەکی گەورە لەسەر باکووری سوریا دروست دەکات. هەر هێرشێک ئەنجام بدرێت دەبێتە هۆی دابەشکردنی سورییەکان، دروستکردنی قەیرانی مرۆیی، ئاوارەبوونی دانیشتوانی ناوچەکە."

تورکیا بەڵێنیداوە ئۆپەرسیۆنێکی سەربازیی دژی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد ' یەپەگە ' ئەنجام بدات کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە.

لەکاتێکدا تورکیا ئەو هێزانەی ناو سوریا کە کوردەکان ڕابەرایەتییان دەکەن بە تیرۆریست و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دەزانێت، ئەمەریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوبەشێکی سەرەکی دەزانێت کە یارمەتیدەر بووە لە دوورخستنەوەی ڕێکخراوی داعش لە کۆمەڵێک ناوچەی زۆری ناو سوریادا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی تورکیا ناوچەکانی تەل ڕەفعەت و مەنبج لە " تیرۆریستان " پاک دەکاتەوە، بەمەش بۆ یەکەمین جار ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی تورکیای پشتڕاستکردەوە و وتیشی بەردەوام دەبێت بۆ ناو ناوچەکانی دیکەش.


لە ساڵی 2016 ەوە تورکیا چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە سوریا ئەنجامداوە، سەدان کیلۆمەتر لە خاکی سوریای گرتووە و بە قوڵایی 30 کم هاتۆتە ناو وڵاتەکەوە، ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانیشی یەپەگە بووە.

ئەمەریکا نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ لە باکووری سوریادا و دەڵێت ئەو کارە هێزەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە و سەقامگیری ناوچەکەش تێکدەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG