Accessibility links

سێیەکی ئەنجومەنی ئاسایش داوا لە گۆتیرێش دەکەن لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر نەخۆشخانەکانی سوریا بکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

دیبلۆماتکاران وتیان سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانەش ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا داوایان لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کردووە لێکۆڵینەوەیەک بکاتەوە سەبارەت بەو هێرشانەی کراونەتە سەر دامەزراوە تەندروستیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا.

سێ مانگ لەمەوبەر هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پشتیوانی ڕوسیا هێرشیان کردە سەر کۆتا شوێنەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی 450 هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە 440 هەزار کەسی بێ ماڵ و حاڵ کردووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی ڕێگەیەکی داخراو بۆتەوە سەبارەت بە سوریا، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە کە ڕوسیا و چین پارێزگاری لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دەکەن لە هەر ڕێوشوێنێک دژی سوریا.

ڕوسیا و چینیش ئەندامن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەمەریکا و ئەڵمانیا و بەلجیکا و پیرۆ و پۆڵەندا و کوەیت و کۆماری دۆمێنیکان و ئیندۆنیسیا نوسراوێکی ئاگادارکەرەوەیان پێشکەشی گۆتیرێش کرد سەبارەت بەوەی هیچ ڕێوشوێنێک نەگیردراوەتەبەر لەو هێرشانەی کە ڕووبەڕووی ئەو دامەزراوە تەندروستیانە بوونەتەوە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن و لە باکووری ڕۆژئاوای سوریان.

نوسراوە کە کە ئەو وڵاتانە ڕێکەوتوون لەسەری ودەستی ڕۆیتەرز کەوتووە دەڵێت " لە کۆتای مانگی چوارەوە بەلایەنی کەمەوە چواردە دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و زیانیان پێگەیشتووە و کاولکراون لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا."

لە نوسراوەکەدا هاتووە دەڵێت " بۆیە بەوپەڕی ڕێزەوە داوات لێدەکەین بیر لە کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەیتەوە سەبارەت بەو هێرشانەی کە زیانی گەیاندووە بە دامەزراوە تەندروستیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا و کاولکراون، هەروەها داوا دەکەین بەزووترین کات ڕاپۆرتێک بەرز بکەیتەوە."

دەشڵێت سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بان گی مون لە ساڵی 2016 دا دەسەڵاتەکانی بەکارهێناوە بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کاروانە مرۆییەکەی خاچی سووری عەرەبی سوری لە حەلەب.

وتەبێژی گۆتیرێش فەرحان حەق وتی نوێنەرانی ئەو 10 وڵاتەی ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا چاویان بە سکرتێری گشتی کەوتووە، وتیشی " بیر لە داواکەیان دەکەینەوە."

سەرەڕای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان شوێنی دامەزراوە تەندروستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەلایەنەکانی جەنگی سوریا وتووە، بەڵام بەرپرسی یارمەتیەکانی ڕێکخراوەکە مارک لوکۆک وتی لە کۆتایی مانگی چواردا دەیان دامەزراوەی تەندروستی ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG