Accessibility links

کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا لە 25 ی مانگی دوودا دەستپێدەکات


سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع
سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع

دوو ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا ڕۆژی یەکشەممە وتییان بەرپرسانی نوێی سوریا لە 25 ی مانگی دوودا دەستدەکەن بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە و تاوتوێکردنی ڕێگەیەکی نوێ بۆ وڵاتەکە، ئەمەش دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە مانگی دوانزەدا.

وڵاتانی جیهان لە نزیکەوە چاودێری کۆنگرەکە دەکەن، کۆنگرەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی سیاسییدا دەبێت کە بەرپرسانی نوێی سوریا دەڵێن پێویستە گشتگیر بێت و سەرجەم کەمینە ئاینی و نەژادەکان تێیدا بەشداربن، لە کاتێکدا کە حکومەتەکانی جیهان بیر لە لابردنی سزاکانی سەر سوریا دەکەنەوە.

کۆمیتەی ئامادەکردنی کۆنگرەکە کە پێکهاتووە لە حەوت ئەندام بە ڕۆژنامەنووسانییان وت قسەیان لەگەڵ نزیکەی 4000 کەسدا کردووە لە سەرانسەری سوریادا، ئەوەش لە پێناو کۆکردنەوەی ڕا و بۆچوونییان کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە پێکهێنانی ڕاگەیەندراوێکی دەستووریی، چوارچێوەیەکی کاری ئابووری و پلانێک بۆ چاکسازیی دەستووریی.

سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع وتوویەتی کۆنگرەکە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی گشتگیری سیاسییدا دەبێت بۆ نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ، وتی ئەوەش ڕەنگە سێ ساڵی بوێت و دواتر هەڵبژاردن دەکرێت، وتووشییەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چوار ساڵی دەوێت.

حەسەن دوخیمی ئەندام لە کۆمیتەکە وتی کۆنگرەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت بەڵام ئەگەر پێویست بکات ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ پێکبهێندرێت کە ئەویش سوود لە پێشنیارەکانی کۆنگرەکە وەردەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG