Accessibility links

بەهۆی گڕگرتنی پاسێکی سەربازییەوە لە دیمەشق کەسێک گیانی لەدەستدا


دەزگای هەواڵی فەرمی سوریا سانا ڕایگەیاند بەهۆی گڕگرتنی پاسێکی سەربازییەوە لە دیمەشق کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکە برینداربوون.

سانا وتی سەرچاوەیەکی نزیک لە شوێنی تەقینەوەکەوە وتوویەتی پێدەچێت کێشەیەکی کارەبا بووبێتە هۆی ئەوەی تەنکی بەنزینی پاسەکە گڕبگرێت.

دەزگاکە وتیشی تەقینەوەکە لەکاتێکدا بووە پاسەکە نزیک بۆتەوە لە دەرگای بنکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی کۆماریی لە ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەختی سوریا.

سەرچاوەیەکی دیکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی لانی کەم پێنج سەرباز گیانیان لەدەستداوە و 11 کەسی دیکە برینداربوون.

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ناوچەکانی دەوروبەری شاری دیمەشقیان کۆنتڕۆڵکردەوە، تەقینەوەکان لە شارەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و دەگمەنن.

لەم ساڵیشدا چەکدارانی ڕێکخراوی داعش کە هێشتا لە ناوچە بیابانیەکانەوە کاردەکەن، کۆمەڵێک هێرشیان کردۆتە سەر ئوتومبێلە سەربازییەکانی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG