ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر باشووری دیمەشقی پایتەختی سوریا چەکدارانی لایەنگری ئێران لە نێو ئەو 7 کەسەدا بوون کە بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانیش وتییان هێرشەکە " ناوەندێکی ڕاوێژی ئێرانی " کردووەتە ئامانج.
بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدلڕەحمان وتی " هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بنکەیەکییان کردووەتە ئامانج کە پەیوەندی بە حیزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بووە، بەهۆی هێرشەکەوە حەوت کەس کوژراون و لە نێویشیاندا چەکدارانی لایەنگری ئێرانیان تێدا بووە."
وتیشی هێشتا ڕوون نیە کە ئایا هاووڵاتییانی سڤیلیش بوونەتە قوربانی هێرشەکە یاخود نا. هێرشەکە لە ناوچەی سەیدا زەینەب بووە کە دەکەوێتە باشووری دیمەشقەوە.
دەزگای هەواڵی تەسنیمی ئێران وتی " ڕژێمی زایۆنی ناوەندێکی ڕاوێژی ئێرانی لە ناوچەی سەیدا زەینەب کردووەتە ئامانج."
وەزارەتی بەرگری سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە " کاتژمێر نزیکی 10 ی ئێوارە ئیسڕائیلی دوژمن هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا، ژمارەیەک لە خاڵەکانی باشووری دیمەشقی کردە ئامانج."
وتیشی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی " ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی ئێرانی " و هاووڵاتییانی سڤیلیش، هەروەها زیانی ماددییشی لێکەوتووەتەوە.
لە کۆتایی مانگی دوانزەدا لە هێرشێکی ئاسمانی دیکەدا کە بە هەمان شێوە خرایە پاڵ ئیسڕائیل لە ناوچەی سەیدا زەینەب بووە هۆی کوژرانی جەنەڕاڵێکی باڵای ئێرانی.
فەرماندەی هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕازی موساڤی یەکێک بوو لە باڵاترین جەنەڕاڵەکانی ئێران کە لە دەرەوەی ئێران بکوژرێت، دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغداد جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی سەرکردەی پێشووی ئەو هێزە تایبەتە کوژرا.
ڕوانگەی سوری وتی لە 20 ی مانگی یەکدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر گەڕەکی مەزەهی دیمەشق کە سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا کردبووە ئامانج، 13 کەس کوژران.
سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی پێنج لە ئەندامەکانی لەو هێرشەدا پشتڕاست کردەوە، هێرشەکەشی خستە پاڵ ئێران.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
ڕوانگەی سوریا: بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە لە سوریا چەکدارانی لایەنگری ئێران دەکوژرێن
