Accessibility links

سوریا: سزاکانی سەر بانکەکانی سوریا ڕێگری لە هیواکانی بوژاندنەوەی وڵاتەکە دەکەن


سەرۆکی وەبەرهێنانی سوریا دەڵێت سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر کەرتی بانکی سوریا ڕێگرییان کردووە لە وەبەرهێنانی گرنگ لە وڵاتە ئابوورییە ڕووخاوەکەدا، ئەمەش سەرەڕای گرنگیدانی وەبەرهێنەرە سوریایی و بیانییەکان بە وەبەرهێنانەوە لە وڵاتەکەدا.

سەرۆکی دەزگای وەبەرهێنانی سوریا ئەیمەن هەمەوییە وتی " سزاکان هەمووشتێکییان ڕاگرتووە. ئێستا سزاکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر گەلی سوریان و ئازارەکانییان زیاتر دەکەن."

هەمەوییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامەوە لەو پۆستەدا داندراوە دوای هێرشەکەیان کە بووە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.

دەزگای وەبەرهێنانی سوریا لە ساڵی 2007 دا دامەزرا بۆ هاوەڵیکردنی وەبەرهێنانەکان چونکە ئەسەد لەو کاتەدا هەوڵی چاکسازی دەدا بۆ ئازادکردنی ئابووریی وڵاتەکە کە دواجار بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن بنەماڵەکەی و کۆمەڵێکی دیاریکراو لە خاوەنکارەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو.

هەمەوییە وتی ڕۆژانە دەیان داوای بۆ دێت لە خاوەن کارە سوریایی و تورکیایی و عەرەبەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپاییەکانیشەوە، داوا دەکەن وەبەرهێنان بکەن لە پڕۆژەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەوە بۆ گەشەپێدان بە خانووبەرە و کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاوازی دیکە.

وتی " بەڵام هەموویان دەڵێن وەبەرهێنان قورسە لە سوریا چونکە کەرتی بانکی سوریا هێشتا لە ژێر سزاکاندایە. ناتوانیت بە جانتایەکەوە بێیت ملیۆنان یۆرۆی تێدا بێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا کار بەو شێوەیە ناکرێت."

لە مانگی یەکدا ئەمەریکا سزاکانی بۆ ماوەی شەش هەفتە لەسەر هەندێک لە کەرتەکانی سوریا لابرد، لەوانەش حەواڵەی دارایی و کەرتی وزە، بەڵام سزاکانی سەر بانکی ناوەندی هێشتەوە، بەوەش سوریای هێشتەوە لە دابڕان لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا.

لە کۆتایی مانگی یەکدا یەکێتی ئەوروپاش ڕێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سوریا، بەرپرسانی یەکێتییەکە دەڵێن ڕەنگە لابردنی هەندێک لە سزاکانی سەر کەرتی بانکی سوریاش بگرێتەوە.

هەمەوییە وتی " ئەو هەنگاوانەی کە تاوەکو ئێستا گیراونەتەبەر سەبارەت بە سزاکان بەس نین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG