وەزارەتی دادی سوریا ڕایگەیاند سوریا 24 کەسی لە سێدارەداوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئاگرییان کردۆتەوە و ئاگرەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی دارستانەکانی هەرێمی لاتاکیای سوتاندووە، لاتاکیا شوێنی باوباپیرانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدە.
وەزارەتەکە وتی " ئەوانەی ڕۆژی چوارشەممە لەسێدارەدران، بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی تۆمەتبار کرابوون کە بووە هۆی مردن و زیان گەیاندن بە ژێرخانی دەوڵەت و موڵکی گشتی و تایبەت."
وتیشی 11 کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت سزای زیندانیکردنی تا هەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، ژمارەیەکی زۆر لە کۆتایی ساڵی 2020 دەستگیرکران و دانیان بەوەدانا کە ئەوان ئاگرەکەی مانگی 9 ی 2020 یان کردۆتەوە کە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی 10 بەردەوام بوو.
هەرچەندە لە سێدارەدان شتێکی باوە لە سوریا، بەڵام دەگمەنە لە سێدارەدانی ئەو ژمارە زۆرە لە تەنها یەک ڕۆژدا، ڕابگەیەندرێت.
وەزارەتی دادی سوریا لە بەیاننامەیەکدا وتی دەیان ئاگرکەوتنەوە بوونە هۆی سوتاندنی دارستانەکان و کێڵگەی جوتیاران و ماڵەکانی دەیان گوند و شارۆچکەی لاتاکیا و تارتوس و ناوەڕاستی هەرێمی هاما.
تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک نیە لەسەر ئەوەی لە سێدارەدانەکان چۆن و لەکوێ ئەنجامدراون لە وڵاتەکەدا، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لە دەستبەسەرکراوەکان لە سوریا بەبێ دادگاییکردن لە سێدارە دەدرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز