Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: لە کامپی هەول لە سوریا منداڵان بەهۆی سەرمای سەختەوە دەمرن


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی ڕاپۆرت هەیە لەسەر مردنی بەلایەنی کەمەوە 29 منداڵ و تازە لەدایکبوو لە کامپی هەول کە پڕە لە پەنابەرانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و زۆربەیان بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمای لەشیانەوە مردوون.

وتیشی لە ماوەی هەشت هەفتەی ڕابردوودا 23 هەزار کەس گەیشتوونەتە ئەو کامپە و ژمارەی دانیشتوانی بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئەو خەڵکانە لە دەیرئەلزور لە دەست شەڕی نێوان ڕێكخراوی داعش و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە هەڵهاتوون.

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سوریا ئیلیزابێث هۆف لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕەوشی کامپی هەول زۆر غەمگینە. منداڵان بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەمرن کە لەگەڵ خێزانەکانیاندا هەڵهاتوون تاوەکو شوێنێکی پارێزراو بدۆزنەوە."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد بەبێ هیچ بەربەستێک بتوانن بچنە ناو کامپی هەولەوە و دەلێت ڕەوشەکە زۆر مەترسیدارە بۆ 33 هەزار کەس کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن و لە سەرمایەکی سەختدا دەژین.

وتیشی زۆربەی پەنابەرەکان چەند ڕۆژێک لە ڕێگادابوون یاخوود بە بارهەڵگری سەر بەتاڵ گواستراونەتەوە و کاتێک گەیشتوون هەموویان توشی بەدخۆراکی و هیلاکبوون بوون، ئەمەش دوای بەسەربردنی چەند ساڵێکی ناخۆش لە ژیانیان لە ژێر فەرمانڕەوایی ڕێکخراوی داعشدا.

ڕێکخراوەکە وتیشی " هەزاران کەس لە پەنابەرە نوێیەکان ناچاربوون چەند شەوێک لەو ناوچانە بەسەربەرن کە تیایدا وەریان دەگرن و پشکنینیان بۆ دەکەن لە کامپەکاندا بەبێ ئەوەی هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوە یاخوود بەتانیان بۆ دابین بکرێت."

وتیشی زۆرێک لە تیمەکانیان بیست و چوار کاتژمێر کاردەکەن لە کامپەکەدا بۆ پشکنینی پەنابەرە نوێیەکان و یارمەتیدانیان لە خواردن و ڕەوانەکردنی ئەو منداڵانەی کە توشی بەدخۆراکی بوون بۆ نەخۆشخانەی شاری حەسەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG