Accessibility links

کوردەکان ڕێگە بە ژمارەیەک لە سوریاییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل دەدەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان


بەڕێوبەری کەمپی هۆل دەڵێت دەسەڵاتدارانی کورد کە کەمپێکی گەورەی زیندانیانی سەر بە ڕێکخراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن ئامادەکاری دەکەن بۆ یەکەم گەڕاندنەوەی دانیشتوانی بۆ ناوچەکانی سوریا.

بەڕێوبەری کەمپی هۆل جیهان حەنان وتی ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی 66 خێزان لەو کەمپە زەبەلاحە کە زۆربەی دانیشتوانەکەی ژن و منداڵن، بۆ ناوچەکانی ناو سوریا.

حەنان باسی لەوە نەکرد کە ئایا گەڕاندنەوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سوریادا پلانی بۆ داندراوە یان نا.

لە ئێستادا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر داهاتووی ئەو هێزە کوردییانەی کە کۆنتڕۆڵی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کردووە، گفتوگۆکانیش لەلایەن ئەمەریکا و فەڕەنساوە ئاسانکارییان بۆ کراوە. سەرکردایەتییە نوێیەکەی سوریا وتوویەتی کە هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی سەرانسەری وڵاتەکە بکات.

کەمپی هۆل ئێستا نزیکەی 40,000 دانیشتووی تێدایە، کامپەکە پڕە لە خێزانەکانی پەیوەست بە ڕێکخراوی داعشەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت کامپەکە بەڕێوەدەبەن، لە مێژە داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتیانی خۆیان لە کامپەکە وەربگرنەوە، هەزاران بیانی لەو کامپەدان.

بەپێی بەرپرسانی عێراق، بەغداد زیاتر لە 10,000 کەسی لە کامپەکە وەرگرتووەتەوە، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگییان نەداوە بە وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانییان لە کامپەکەدا.

حەنان دەڵێت لە نێو دانیشتوانی کامپەکەدا، نزیکەی 16,000 کەسییان سوریایین.

گەڕاندنەوەی خێزانەکان بۆ سوریای ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد وەکو تاوانێک سەیر دەکرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا دژایەتی فەرمانڕەواییەکەی ئەسەدی دەکرد و نیگەرانی هەبوو لەسەر ئەشکەنجەدان و کوشتنەکان لە زیندانەکانی حکومەتی سوریادا.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک زیندانێکی دیکە بەڕێوەدەبەن لە حەسەکەی باکووری سوریا کە نزیکەی 4,500 چەکداری داعشی تێدایە، زۆرێکییان بیانین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG