دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لەمەڕ زیادبوونی شەڕو توندوتیژییەکان لە ماوەی دە ساڵی شەڕی سوریادا و دەڵێن هەندێک لە ڕووداوەکان دەچێتە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
ئەو ڕاپۆرتەی کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پێشکەش بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.
کۆمسیۆنەکە لە مانگی هەشتی ساڵی 2011، پێنج مانگ پاش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، لێکۆڵێنەوەکەی لەسەر گوایە سەرپێچییەکانی مافە جیهانییەکانی مرۆڤ لە سوریا دەستپێکرد.
ئەو دەستە سێ ئەندامییە ئێستا دەڵێت بارودۆخی سوریا لە ئیستادا بە تەواوەتی خراپە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت شەڕ و توندوتیژی لەم چەند مانگەی دواییدا لە باکوری رۆژئاوا، باکوری ڕۆژهەڵات و باشوری وڵات چڕتر بووە، خەڵکی سڤیل بە زەحمەت دەتوانن شوێنێکی پارێزراو لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
هانی مێگلی ئەندامی کۆمسیۆنەکە دەڵێت، ڕاوەستانی شەڕو دوژمنکاریی لە باکوری رۆژئاوای پارێزگای ئیدلب کە بەهۆی ئەو ئاگربەستەی لە مانگی سێی 2020 لەلایەن ڕوسیا و تورکیا هاتبووە ئاراوە، کۆتاییپێهات.
ئەو گوتیشی ڕاگرتنی شەڕەکان تەواوبوو و هێرشە ئاسمانیی و بۆردومانەکانی سوریا و ڕوسیا بۆ سەر ئەم ناوچەیەی کە دواین مۆڵەگەی سەرهەڵداوانە لە وڵاتەکەدا زیادی کردووە. مێگڵی گوتیشی " لە ڕووی تاوانەوە، هێرشی ئاسمانی و بۆردومانەکان خەڵکی سیڤیلی تێدا کراوەتەوە ئامانج لە شوێنەکانی وەکو خوێندنگاکان، نەخۆشخانەکان، بازاڕەکان و هتد. دەستگیرکردن، ئەشکەنجەدان لە زیندانییەکاندا، مردن لە زیندان، توندوتیژی سێکسی و لەسەر بنەمای جێندەرە تەنانەت بەداخەوە حاڵەتی دەستدرێژی سێکسیش هەبووە."
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە چەند ناوچەیەکیان لە ژێر گەمارۆی هێزەکانی لایەنگری حکومەتدایە و بە هەزاران هاوڵاتی بە بێ خواردنی پێویست یان چاودێری تەندروستی دەچەوسێنەوە. لێکۆڵەرەوەکان ڕێکخراوی تیرۆرستی هەیئەت تەحریر ئەلشام تۆمەتبار دەکەن بۆ دانانی کۆت و بەند لەسەر میدیا و ئازادی ڕاگەیاندن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە باکوری ڕۆژئاوا.
کۆمسیۆنەکە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە ڕابەرایەتی کوردەکانیش تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هەزاران ژن و منداڵ دەخەنە کامپەکان لە سەرانسەری باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەرۆکی کۆمسیۆنەکە پاولۆ پینهیرۆ دەڵێت یەكێک لە شوێنە هەرە شەرمەزارییەکان بریتییە لە بارودۆخی نزیکەی ئەو 40 هەزار منداڵەی کە لە کەمپی هۆلن.
ئەو دەڵێت نزیکەی نیوەی ئەوانە عێراقین لە کاتێکدا 7 هەزارو 800 لەوانەش خەڵکی نزیکەی 60 وڵاتانی جیاوازن. ئەو دەڵێت تەنها 1000 منداڵی بیانی ئازادکراون و براونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. گوتیشی زۆربەی منداڵانی بیانی بێبەشن لە ئازادییان چونکە وڵاتەکانیان ڕەتی دەکەنەوە کە بیانگێڕنەوە. ئەو دەشڵێت " زۆربەی ئەوانە منداڵانی تەمەن لە 12 ساڵ کەمترن. کەسیان تۆمەتبارنین بە ئەنجامدانی تاوان. سەرباری ئەمەش زیاتر لە سێ ساڵە، ئەوانە لە ڕەوشێکی ترسناکدا هێڵراونەتەوە. پاراستن هەرگیز مانای ئەوە نییە منداڵان بۆ ماوەیەکی نادیار زیندانی بکرێن. یەکەم چارەسەر بۆ ئەو زیندانییە نایاساییە ئازادییە. سزادانی منداڵ بۆ ئەو تاوانانەی کە دایک و باوکیان ئەنجامیان داون ڕەوایەتی پێنادرێت."
لەو کاتەوەی داعش لە مانگی 3 ی ساڵی 2019 شکستی پێهێندرا، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەمەریکا پشتیوانیان دەکات، بە بەردەوامی داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە هاووڵاتیانی خۆیان ( ژن و منداڵەکانی داعش) کە لەو کەمپەدان بگێڕنەوە. بەڵام زۆربەی وڵاتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی ئەوروپا، ئامادە نەبوون ئەو هاووڵاتیانەیان وەربگرنەوە.هەندێک لەو وڵاتانە لە ناویاندا فەرەنسا، ژمارەیەکی سنورداری هاووڵاتیانی وەرگرتۆتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە نێونەتەوەییەکان پێشبینی دەکەن شەڕی دە ساڵەی سوریا نزیکەی نیو ملیۆن کەسی کوشتووە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 13 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.
کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئێستاش دا سوریا پارێزراو نییە بۆ پەنابەران بگەڕێنەوە بەهۆی توندوتیژی و سەرپێچییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بارودۆخی نا سەقامگیری سیاسی. سەرباری ئەمانەش ئابورییەکی خراپ و پەتای کۆرۆنا ڕەوشەکەی ناهەموارتر کردووە.
لیسا شلاین/ دەنگی ئەمەریکا